بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، تۆمەتبارێك لەدوای تێپەڕبونی 48 كاتژمێر بەسەر دزینی ئۆتۆمبێلێكی جۆری ئۆپڵ ڤیكترادا، لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركرا .
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی پۆلیسی هەولێر، نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی دزینی ئۆتۆمبێل، تۆمەتبارێكیان بە ناوی (م.ص.ع) دەستگیر كرد، كە هەڵسابوو بە دزینی ئۆتۆمبێلێك لە جۆری (ئۆپڵ ڤیكترا)، دوای ئەنجامدانی تاوانەكەی، ڕەنگی ئۆتۆمبێلەكەی گۆڕیبوو .
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، پۆلیس توانی تۆمەتباری ناوبراو لە ماوەی كەمتر لە 48 كاتژمێردا دەستگیر بكات، دەستیشبگرێت بەسەر ئۆتۆمبێلەكە و ئەو ئامێرەش كە ڕەنگی ئۆتۆمبێلەكەی پێ گۆڕیبوو .
پۆلیسی هەولێر باسی لەوەشكردوە، تۆمەتبار لەكاتی لێكۆڵینەوەدا دانی نا بە تاوانەكەیدا، بۆیە بەپێی ماددە 446 لە یاسای سزادان بەند كراوە و لەلایەن دادگاوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت .