ترەمپ: لەهەڵبژاردن بیبەمەوە لەگەڵ ئێران و کۆریای باکور ڕێکدەکەوم

  2020-08-08  | 
ترەمپ ترسی هەیە لە دەنگدانی ئەلکترۆنی کە دیموکراتەکان پشتیوانی دەکەن
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی بیباتەوە، ئەوا بەپەلە ڕێککەوتن لەگەڵ هەریەکە لە ئێران و کۆریای باکوردا ئیمزا دەکات.

بەگوێرەی نوێترین ڕاپرسی لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان  بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە پێش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوەیە، بەتایبەت هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەرانی ئەمریکا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە و کە دەنگ بە کام کاندید دەدەن.

مانگی ڕابردوو ترەمپ مەترسی خۆی نیشاندابوو لە دۆڕاندنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی، بەهۆی ئەوەی ڕەنگە دەنگدانەکە لەڕێگەی پۆستی ئەلکترۆنییەوە بێت، کە لەلایەن دیموکراتەکانەوە پشتیوانی دەکرێت.

ئەو لێدوانەی ترەمپ لەکاتێکدایە، پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، بەرەو ئاڵۆزی زیاتر چووە، بە تایبەت دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران، لە هێرشێکی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.

لە بەرامبەر ئەو هێرشە، تاران بە موشەک هێرشی کردە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و حەریر لە باکوری شاری هەولێر.

سەبارەت  بە پەیوەندییەکانی واشنتۆن و پیۆنگ گیانگیش، کە ماوەیەکە ناوبەناو جەنگێکی لێدوانی توند لەنێوان هەردوو وڵاتدا سەریهەڵداوەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ  سەرۆکی ئەمریکا لە ٩ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ کۆبوونەوەیەکی دیکە لەگەڵ کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور ئەنجام بدات.

لەبەرامبەریشدا کۆریای باکور بێهوابوونی خۆی ڕاگەیاند لەهەر دیدارێک، بە تایبەت لەکاتێکدا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ سوککردنی گەمارۆ و سزا سەپێنراوەکانی ئەمریکا لەسەری، بەو هۆیەشەوە نایەوێت جارێکی تر وتوێژ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ئەنجام بدات.



ڕیکلام