فراکسیۆنی گۆڕان بەیاننامەیەکی دەربارەی شێروان شێروانی و بەدەل بەرواری بڵاوکردەوە

  2020-10-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەکی ئیدانەکردنی سەبارەت بە دۆسیەی شێروان شێروانی و مامۆستا بەدەل بەرواری بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند ژیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە مەترسیدایە.

لە بەیاننامەکەدا فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، لای کەس شاراوە نییە بەهۆی ئەو ڕێوشوێنە پۆلیسییانەوە کە دەسەڵاتدارانی ئێستای هەرێم پیادەی دەکەن، ئازادی ڕادەربڕین دووچاری پاشەکشە بووە.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو هەڵمەتە دەستگیرکردنانەی کە ئەم دواییە لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم و بە دیاریکراویش لەلایەن هێزەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پیادە کراوە، بەهۆی چەندین چالاکوان کراونەتە ئامانج کە بە ڕای و سەرنجەکانیان رەخنەیان لە دۆخی خراپی هەرێم گرتووە و بە کارەکانیان ئابڕووی گەندەڵکارانیان بردوو.

لەوانەش کە دەستگیر کراون، ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی خاوەنی دەنگی بوێرە لە پاریزگای دهۆک.

سەرباری ئەوەی شێروانی بە بی هیچ بنەمایەکی یاسایی دەستگیر کراوە، بەڵام  پەرەسەندنێکی مەترسیدار هەیە لە کێشەکە، بەشێوەیەک ئەو لایەنی دەستبەسەری کردووە، تۆمەتی ناراستی بۆ هۆنیوەتەوە، بەوەی گوایە لایەنی دەرەکی  جوڵاندوویەتی بۆ تێکدانی بارودۆخی ئاسایشی هەرێم و سوکایەتیکردن بە هەندیک لە کەسایەتییەکان، ئەو قسانە لەلایەن لایەنێکی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کراوە و پروپاگەندەی ئەوەی کرد گوایە دانی ناوە بەو تۆمەتانەدا.

فراکسیۆنی گۆڕان جەختیکردووەتەوە، ئەو لێدوانانە وایان لێدەکات زۆر دوودڵ بن لەسەلامەتی گیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە، چونکە ئەوە بە مانای ئەوەیە ڕوبەڕووی خراپترین ئەشکەنجەدان بووەتەوە، ئەو هەڵمەتی دەستگیرکردنانەش هاوکاتە لەگەڵ دەستگیرکردنی مامۆستا بەدەل بەرواری مامۆستا و چالاکوان، کە ماوەی چەند مانگێکە دەستگیر کراوە، سەرباری ئەوەی دادگا بڕیاری ئازادکرنیشی داوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق جەختیکردووەتەوە، ئەوان ئیدانەی ئەو شێوازە سەرکوتکەرانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکەن و بە ڕای گشتی عێراق و جیهانیش دەڵێن، کە گیانی شێروان شێروانی ڕۆژنامەنووس لە مەترسیدایە و داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق و سەرۆکی سەندیکانی ڕۆژنامەنووسانی عێراق و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی  و باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، دەستوەردانی بەپەلە بکەن و فشار بکەنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئەو ڕۆژنامەنووسە و سەرجەم دەستگیرکراوەکانی ئازادی ڕادەربڕین ئازاد بکەن.

 

 



ڕیکلام