لەمەودوا کارگەکانی چپسی پەتاتە بەرهەمی ناوخۆیی ساغ دەکەنەوە

  2020-10-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری کشتوکاڵی و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتەکەیان سەر پەرشتی گرێبەستێک دەکات لە نێوان کارگەکانی چپسی پەتاکە و جوتیاران، بە مەبەستی ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی پەتاتە.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی نێوان خاوەن كارگەكانی چپسی پەتاتە و نوێنەری جوتیارانی پەتاتەی كردووە .

لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ کراوە  لەسەر هاوردەكردنی جۆرەكانی بنەتۆی پەتاتە، بۆ ئەوەی جوتیارانی هەرێم بیچێن و كارگەكانیش لێیان بكڕنەوە .

ئاماژەی بەوەشکردووە، گرێبەستێكی یاسایی لەنێوان كارگەكان و جوتیارانی پەتاتە دەكەن بۆ ئەوەی كارگەكان بەرهەمی جوتیاران بكڕنەوە و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سەرپەرشتی گرێبەستەكە دەكات بۆ ئەوەی هەردوولا پابەندبن بە گرێبەستەكەوە .

وتیشی "رای جوتیاران و كارگەكانمان وەرگرت لەسەر كاتی دانانی باجی گومرگی پەتاتە، ئەو كاتەی دامان ناوە جوتیاران بەلایەنەوە پەسند بوو، هەماهەنگ دەبین بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان ئەمەش لەرێگەی بەدواداچوون و گرتنەبەری چەند هەنگاوێكی پێویست لەبەرژەوەندی هەردوولا" .

لە کۆتایی وتەکانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، جەختیکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە لەسەر كردنەوەی خولی راهێنان بۆ جوتیارانی پەتاتە تایبەت بە دواین زانیاری لەسەر بەرهەمهێنانی پەتاتە .



ڕیکلام