جوتیار عادل: پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێم لە پێشینەکانی کاری حکومەتە

  2020-10-26  | 
جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێم لە پێشینەکانی کاری حکومەتدایە، دەشڵێت، سوپاسی بێ پایانی هێزەکانی ئاسایشی هەرێم دەکەم و دەستی ماندووبوونیان دەگوشم.

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، "پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان لە پێشینەکانی کاری حکومەتی هەرێمە، لەو پێناوەشدا هەموو توانەکانی دەخاتە گەڕ" .

راشیگەیاندووە، "بە پێویستی دەزانم سوپاسێکی بێ پایانی هێزەکانی بەرگری لە ئاشتی و ئاسایشی هەرێم بکەم، دەستی ماندووبوونیان دەگوشم و خودا پشتیوانیان بێت".

ئەم نوسینەی وتەبێژی حکومەتی هەرێم دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی١٠ی٢٠٢٠، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا چەند هێرشێكی تێكدەرانەیان لە هەرێمی كوردستان پووچەڵ كردووەتەوە و چەندین كەسیشیان دەستگیركردووە كە پەیوەندییان لە گەڵ گرووپە تیرۆریستییەكاندا هەیە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتبوو، "لە كەیسی یەكەمدا 12 كەسی گومانلێكراو هەن كە پەیوەندییان بە پەكەكەوە هەیە. هەروەها چەندین كەسی دیكەش تێوەگلاون كە لە چەند وڵاتێك نیشتەجێن لە نێویشیاندا ئەوروپا، كە پیلانی هێرشكردنە سەر كونسوڵگەرییەك لە هەولێر و تیرۆركردنی دیپلوماتكارانی ناو كونسوڵگەرییەكە و پەلاماردانی كۆمپانیا تایبەتەكانی ئەو وڵاتەیان لە هەرێم داڕشتبوو".