کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دوادەکەوێت

  2020-11-06  | 
واشنتن
کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دوور دەکەوێتەوە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرپرسێکی باڵای ویلایەتی پێنسیلڤانیای ئەمریکا ئاشکرایکرد، بەهۆی کێبرکێی سەختی بەربژێرەکان، ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دوادەکەوێت.

کەتی بوکوار بەرپرسی باڵا لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا ڕایگەیاند، "ئێستا ئامانج ئەوەیە، بە ژماردنی وردی دەنگەکان بزانین کە کاندیدی سەرکەوتوو کێیە، دواتر کارەکەمان بۆ ئاسان دەبێت".

وتیشی، بەهۆی کێبرکێی سەختی دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن، ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە کەمێک زیاتر دەخایەنێت.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، لەویلایەتی جۆرجیا دوای جیاکردنەوەی ٩٩٪ی دەنگەکان، دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان هەزار و 775 دەنگ لەپێش بایدنەوە، بەبردنەوەی ئەو ویلایەتەش 16 کورسی بۆ کاندیدی براوە زیاددەبێت.

هەروەک لە ویلایەتی کارۆلینای باکور، تائێستا ٩٧٪ی دەنگەکان جیاکراوەتەوە و تێیدا دەرکەوتووە کە ترەمپ بە 80 هەزار دەنگ لەپێش بایدنەوەیە و بەبردنەوەی ئەو ویلایەتەش 15 کورسی بۆ کاندیدی براوە زیاددەبێت.

لەویلایەتی نیڤاداش بایدن ٤٩.٤٣٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەردا ترەمپ ٤٨.٥٠٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، بەوەش بایدن 11 هەزار دەنگ لەپێشەوەیە، بەبردنەوەی ئەم ویلایەتەش کاندیدی براوە شەش کورسی بۆ زیاددەکرێت.

شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، جارێکی دیکە دیموکراتەکانی بە هەوڵدان بۆ ساختەکاری لەو ویلایەتانە تۆمەتبار کرد کە بوونەتە شوێنی کێبڕکێی تووندی هەردوو بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، بە تایبەت، جۆرجیا، پەنسلڤانیا و نیڤادا.

ترەمپ وتی، دیموکراتەکان لە ئاریزۆناش خەریکی فێڵکردنن و رێگە نادەن کەس چاودێری پرۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان بکات.

بەربژێری کۆمارییەکان ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو تەنیا هەڵبژاردنێکی پاک و بێ ساختەکاری دەوێت، پرسەکەش پەیوەندی بەوە نییە کێ براوە دەبێت، بەڵام نابێت ئەمریکا لە پرۆسەیەکی وەهادا تووشی شەرمەزاری ببێت.

هاوکات جۆ بایدن بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە وتارێکی کورتدا داوای لە لایەنگرانی کرد، دان بەخۆیاندا بگرن و ئارام بن تاوەکو بژاردنی دەنگەکان کۆتایی دێت.

بایدن وتی، "من و سیناتۆر هەریس هەستێکی باشمان هەیە و دڵنیاین کە بە کۆتاییهاتنی ژماردنی دەنگەکان، سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکە رادەگەیەنین".

تائێستا بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان 264 کورسی ئەنجومەنی بڕیاردانی سەرۆکی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەردا ترەمپ تائێستا 214 کورسی بۆ یەکلایی بووەتەوە.

هەروەها تاوەکو ئێستا کۆمارییەکان، 48 کورسی ئەنجومەنی پیران و دیموکراتەکانیش 46 کورسییان بەدەستهێناوە. لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش دیموکراتەکان 208 کورسی و کۆمارییەکان 193 کورسییان بەدەستهێناوە.




ڕیکلام