گرنگترین ئەو بڕیارانە بایدن دوای دەستبەکار بوونی دەریان دەکات

  2020-11-08  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکاوە ڕایگەیاند، باییدن دوای دەستبەکاربوونی لە ڕۆژی ٢٠ی کانونی دووەمی داهاتوودا، پلانی هەیە بۆ دەرکردنی چەند بڕیارێکی گرنگ.

ڕۆژنامەکە لە زاری ئەو سەرچاوانەوە بڵاویکردەوە، بایدن دەستبەجی دەچێتە ناو ڕێککەوتنامەی پاریسی تایبەت بە کەشوهەوا و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، هەروەها ئەو بڕیاری قەدەغەی هاتنە هەڵدەوەشێنێتەوە کە لەدژی هاوڵاتی بەشێک لە وڵاتانی زۆرینە موسڵمان دەرکراوە.

هەروەها دەستبەجی کاردەکاتەوە بە یاسایەکی تایبەت بە کۆچ و ڕێگە دەدات بەو کەسانەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە ئەمریکا، وەک منداڵان لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا بمێننەوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە پلانێکی دیکەی بایدن، هەڵبژاردنی دوو گروپە لە زانایان،  بۆ هاوکاریکردن لە چۆنێتێ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بە گوتەی ڕۆژنامەکە تیمی کاتی بایدن، مۆڵەتی ئەمنی کاتییان پێ دراوە و ئەندامەکانی لەلایەن نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکاوە ناسراو بە  (ئێف بی ئای) ڕاهێنانیان پێ دەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، جۆ بایدن لە وتاری سەرکەوتندا بەڵێنیدا بە یەکخستنی گەلی ئەمریکا  لەناوەوە و وایکرد ئەمریکا لەسەرانسەری جیهاندا ڕێز لێگیراوبێت.

بایدن وتیشی گەلی ئەمریکا قسەی خۆی کرد و سەرکەوتنێکی گەورەیان تۆمار کرد، کاتێک توانیان ٧٤ ملیۆن دەنگ بهێنن.



ڕیکلام