ئێران: بۆ هەر جۆرە هێرشێکی ئەمریکا وەڵامێکی روخێنەرمان دەبێت

  2020-11-17  | 
تاران
عەلی رەبیعی وتەبێژی حکومەتی ئێران
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی، وەڵامێکی روخێنەریان دەبێت.

سەبارەت بەو راپۆرتانەی ئاماژە بە پلانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنەسەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن، عەلی رەبیعی وتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، پێویستە وزارەتی دەرەوە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتە، بەڵام بەگشتیی و وەک هەمیشە دەتوانین بڵێین، وەڵامێکی روخێنەرمان دەبێت بۆ هەر هەڕەشە و بڕیارێک کە دژ بە گەلی ئێران بگیرێتەبەر.

پێشتر رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز بڵاویکردبووەوە کە هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ تاوتوێی هێرشی سەربازیی بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران کردووە، بەڵام چەند راوێژکار و بەرپرسی باڵای کۆشکی سپی لە بڕیارەکەی پاشگەزیانکردووەتەوە و هۆشداریان داوە لەوەی کە ئەو بڕیارە، لە هەفتەکانی کۆتایی سەرۆکایەتییەکەی، دەبێتەهۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە.

وتەبێژی حکومەتی ئێران گومانی خستەسەر ڕاستی و ناڕاستی ئەو هەواڵە و رایگەیاند، "نازانم کێ بانگەشەی ئەوەی کردووە تاوەکو وەڵامی بدەمەوە".

عەلی رەبیعی ئەو جۆرە راپۆرتانەی بە جەنگێکی دەروونی ئیسرائیل و نەیارانی ئێران لە قەڵەمدا، بەڵام لەهەمانکاتدا رایگەیاند، "ئەگەری ئەوەش هەیە کە نەیارانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵێکی لەو شێوەیە بدەن، بەڵام من وەکو خۆم پێشبینی ئەوە ناکەم کە بیانەوێت ناوچەکە روبەڕووی ناسەقامگیری بکەنەوە".

بەپێی راپۆرتەکەی نیۆیۆرک تایمز، پلانەکەی ترمپ فۆکۆسی لەسەر هێرشکردنەسەر ناوەندی ئەتۆمی نەتەنز بووە کە بە سەرەکیترین ناوەندی ئەتۆمی ئێران دادەنرێت.

هەفتەی رابردوو ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بڵاویکردەوە کە رێژی یۆرانیۆمی پیتێندراو لەلایەن ئێرانەوە، گەیشتووەتە ١٢ هێندەی ئەو رێژەیەی کە لە رێککەوتننامەی نێوان تاران و وڵاتانی 5+1دا دیاریکرابوو، نیۆیۆرک تایمز لە راپۆرتەکەیدا ئاماژی بەوە کردووە کە تاوتوێکردنی پلانی هێرشکردنەسەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ترەمپەوە، وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو راپۆرتەی ئاژانسی نێوەدەوڵەتی وزەی ئەتۆم بووە.

رۆژنامەکە لەزاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە کە ترەمپ سەبارەت بە بژاردە و سیناریۆی هێرشکردنەسەر یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، پرسوڕای بە ناوەند و لێپرسراوانی سەربازیی و ئەمنیی وڵاتەکەی کردووە، بەڵام کەسانێکی وەک مایک پێنس جێگری سەرۆک و مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە و مارک میلی فەرماندەی سوپا و کریستۆفەر میللەر وەزیری بەرگری بەوەکالەتی ئەمریکا پێیانڕاگەیاندووە کە بیر لەو جۆرە بڕیارانە نەکاتەوە چونکە دەبێتەهۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی بەرفراوان و کارەساتی لێدەکەوێتەوە.



ڕیکلام