ئەسیوبیا بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە تاوانبار ناو دەبات

  2020-11-19  | 
تیدروس ئادناهۆم گیبرییسوس- بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سوپای ئەسیوبیا بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تۆمەتبار کرد بە هەوڵدان بۆ کڕینی چەم و کۆکردنەوەی کۆمەکی دیپلۆماتی بۆ پارتێکی سیاسی هەرێمی تیگرا، کە چەکدارەکانی دژی هێزە فیدراڵییەکانی وڵاتەکەی لە جەنگدایە.

بورهان جەولا فەرماندەی سوپای ئەسیوبیا لە بەیاننامەیەکدا، کە لە تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەیەوە بڵاوکرایەوە ڕایگەیاند، تیدروس ئادناهۆم گیبرییسوس وەک دیارترین کەسایەتی جیهانی ئەندامە لەو گروپەدا هەموو شتێک دەکات بۆ هاوکاریکردن و دابینکردنی چەک و لە وڵاتانی هاوسێش هەوڵیداوە بۆ ئیدانەکردنی جەنگەکە.

فەرماندەی سوپای ئەسیوبیا ئاماژەی بەوەشکردووە، تیدورس هەوڵی هاوکاریکردنی "بەرەی ڕێزگاری گەلی تیگرای" داوە، ئەو پارتەش ئەو هێزەیە کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەسیوبیاوە لە ناوچەکە کراوەتە ئامانجی هێرشکردن بۆ سەری.

هاوکات فەرماندەی سوپای ئەسیوبیا سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە تاوانبار ناوبرد و ڕایگەیاند، پێویستە لە پۆستەی دووربخرێتەوە.

ئابی ئەحمەد سەرۆک وەزیرانی ئەسیوبیا کە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە، بەرەی ڕێزگاری گەلی تیگرای تۆمەتبار دەکات، بەوەی هەوڵی لەرزۆک کردنی حکومەتەکەی دەدات، کە لە ساڵی ٢٠١٨وە پۆستی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی وەرگرتووە.

تیدروس ئادناهۆم گیبرییسوس لە بنەڕەتدا هاوڵاتی ئەسیوبیە و لە هەریمی تیگرای لە دایک بووە، لە حکومەتی هاوپەیمانی پێشوودا پۆستی وەزارەتی دەرەوەی بەدەستەوە بووە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٦.

لە ساڵی ٢٠١٧وە بووەتە بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و یەکەم هاوڵاتی ئەفریقییە کە ئەو پۆستەی وەرگرتووە، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆڵی ئەم کەسایەتییە زیاتر دەرکەوت.

ماوەی سی هەفتەیە ئۆپراسیۆن و هێرشی سەربازی حکومەتی ئەسیوبیا لە دژی هەرێمی تیگرای بەردەوامە، سەرباری ئەوەی جەنگەکە قسەی زۆری لەسەرە، بەڵام سەرۆک وەزیرانی ئەسیوبیا سورە لەسەر گێرانەوەی یاسا و دەسەڵات بەسەر تەواوی وڵاتەکەیدا.

تا ئێستا جەنگەکە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس و ئاوارەبوونی هەزاران کەس کە بۆ وڵاتی سودانی هاوسێ هەڵاتوون.



ڕیکلام