ئاژانسێکی هەواڵی روسیا بڵاویکردەوە، ماوەی چەند ڕۆژە جموجوڵێکی چالاکی هێزەکانی ئەمریکا هەیە بۆ چوون و هاتنەوە ناوە لە سنوری سوریا و عێراقەوە.
ئاژانسی هەواڵی "سپۆتنیک"ی ڕوسیا بڵاویکردەوە، کاروانێکی سەربازی سوپای ئەمریکا کە زریپۆش و چەک و کەلوپەلی سەربازییان لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتبوو، لە پارێزگای حەسەکەوە بە دەروازەی ئەلوەلیدا پەڕیونەتەوە بۆ عێراق.
ئاژانسەکە ئاشکرایکردووە، کاروانەکە لە ٣٠ ئوتۆمبێلی بارهەڵگری سەربازیی پێکهاتبوون، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆش دوو فڕۆکەی بارهەڵگری گەورە ژمارەیەک سەرباز و کەلوپەلی سەربازی ئەمریکای لە بنکەی"سەد ئەلغەربی" ناسراو بە (سەیرانگای لایڤ ستۆن" لە ناوچەی ڕیفی حەسەکەوە بە ئاراستەی سنوری عێراقەوە هاتوون.
ئاژانسە ڕوسییەکە ئاشکرایکردووە، ئەمڕۆ ئاسمانی شاری حەسەکە جموجوڵێکی چڕی هەلیکۆپتەرە سەربازییەکانی ئەمریکای بەخۆیەوە بینیووە، ئەویش بە مەبەستی دابینکردنی پاراستنی ئاسمانی جموجوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە حەسەکە.
ئەم هاتوچۆ جموجوڵە سەربازییە نوێیەی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بە ئاراستەی عێراق لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ٥٧ ئوتۆمبێلی جیاجیای سەربازیی ئەمریکا لە پارێزگای حەسەکەوە و بە دەروازەی ئەلوەلیدا پەڕینەوە بۆ ناوخۆیی عێراق.
ئاژانسە ڕوسییەکە ئاشکرایکردووە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو کاروانێکی سەربازیی ئەمریکا، کە لە ٤٠ بارهەڵگری سەربازیی بە بەتاڵی بە هاوڕێیەتی ژمارەیەک زریپۆشی سەربازیی کە لە هەرێمی کوردستانەوە هاتبوون بە دەروازەی وەلیددا پەڕێوەنەتەوە و چوونەتە بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لەنزیک کۆمپانیای غازی کێڵگەی ڕمێلانی نەوتی لە ڕۆژئاوای کوردستان.
چڕبوونەوەی هاتوچۆی هێزەکانی ئەمریکا بە ئاراستەی ڕۆژئاوای کوردستان و عێراق و هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بڕیاریدا بە کشانەوەی بەشێک لە هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و ئەفغانستان.