تا كۆتایی ئەم ساڵ سەرجەم كەمپی ئاوارەكان لە كەركوك دادەخرێن

  2020-11-25  | 
 سۆران عەبدولکەریم
لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردودا فەرمانگەی كۆچ وكوچبەرانی كەركوك 170 خێزانی ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی عێراقی لەشارەكە ناردۆتەوە، بڕیاریشە تا كۆتایی ئەمساڵ سەرجەم كەمپی ئاوارەكان دابخرێن.


عەمار سەباح، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ وكۆچبەرانی كەركوك بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ووت: لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا دەستمانكردووە بەڕێكارەكانی داخستنی كەمپی ئاوارەكانی لەیلان یەك لەباكوری خۆرهەڵاتی شارەكە، ئەوەش لەچوارچێوەی ڕێكار و ڕێنماییەكانی حكومەتی عێراقی بۆ داخستنی دۆسیەی ئاوارەكان.

ناوبراو وتیشی: 170 خێزانی ئاوارە نێردراونەتەوە كە كۆی گشتییان (1800) كەس بوون نیشتەجێی پارێزگای سەڵاحەدین بوون، لە ماوەیەكی نزیكیشدا دەست دەكرێت بەگێڕانەوەی١٢٠٠ خێزانی دیكەی ئاوارە.

عەمار سەباح روونیشیكردەوە، پلانی فەرمانگەكەیان وایە تا سەری ساڵ كۆتایی بەدۆسیەی ئاوارەكان لەكەركوك بێت و شارەكە ئاوارەی تێدا نەمێنێت.

لەدوو هەفتەی ڕابردوو فەرمانگەی كۆچ وكۆچبەرانی كەركوك كەمپی ئاوارەكانی یەحیاوا لەناحیەی لەیلان كە 340 خێزانی ئاوارەی قەزای تەلەعفەری لەخۆ گرتبوو چۆڵكرا.