چوار ئەندامی لیژنەی دارایی داوا دەکەن هەرێم و عێراق رێکبکەون

  2020-11-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
چوار ئەندامی کوردی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پشتیوانی لە رێکەوتنی دەستوری و یاسایی نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا هەریەکە لە هۆشیار عەبدوڵا و جەمال کۆچەر و شیروان میرزا و ئەحمەد حاجی رەشید ڕاشیانگەیاندوە لە پێناو کۆتایی هێنان بە کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانی تری هەرێم لە نێویاندا پێشمەرگە و جوتیاران و تێکرای شایستە دارییەکانی تر، بانگهێشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ هەنگاونانی بە پەلە و کرداری بە شێوەیەکی شەفاف و ڕون لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەزگا پەیوەندیدارەکانی و پابەند بون بەو دەقە دەستوری و یاساییانەی کە وا دەکات پشکی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ۲٠۲٠ و پشکی هەرێم لە یاسای موازەنەی ساڵی ۲٠۲۱ بکاتە دەرفەتی ئاسایی بونەوەی موچە و بودجە و ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان .

ئاماژەیان بەوەشکردوە ئێمە وەک ئەندامانیی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەو پەڕی ڕاشکاوییەوە رایدەگەیەنین کە ئیدی کاتیەتی و کاری جدیش بۆ ئەوە دەکەین کە داهاتی نەوت و داهاتەکانی تری هەرێمی کوردستان تەنها لە خزمەتی هاونیشتیمانیاندا بەکار بهێنرێن .