شورای بزووتنەوەی ئیسلامی کۆنگرەی حزبەکەی دواخست

  2020-12-01  | 
شورای بزووتنەوەی ئیسلامی کۆنگرەی حزبەکەی دواخست
فۆتۆ: میدیای بزووتنەوەی ئیسلامی
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شورای بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بەستنی کۆنگرەی ١٢ی بۆ کاتێکی نادیار دواخست.

ئەمڕۆ سێشەممە ١ی١٢ی٢٠٢٠، شورای بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان کۆبووەوە و دوابەدوای کۆبوونەوەکەش لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی شورا خۆ راگری و بەشداری کارای سەرجەم ئەندامانی کۆنگرە بەرز دەنرخێنێت لە پڕۆسەی راپرسی بۆ وەرگرتنی بیرو رایان لەسەر ئەنجامدان یا خود ئەنجامنەدانی کۆنگرەی دوازدە لە ئێستادا، تا ئاسایی بوونەوەی رەوشی تەندروستی بەهۆی کۆڕۆناوە، شورای بزووتنەوە پابەندە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە کە پێیان وایە لە ئێستادا کۆنگرە نە بەسترێت تا کاتێکی گونجاو.

دەقی راگەیەندراوەکەی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان:

بەلاغی کۆتایی کۆبوونەوەی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان

بەناوی خودای گەورەو میهرەبان

ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، بە سەر پەرشتی بەڕێز رابەری گشتی لە شاری سلێمانی کۆبوویەوە کە تێیدا چەندین بابەتی نێوخۆیی و ناوچەکە گفتوگۆی لەسەر کراو بڕیاری پێویستیان لە بارەوە وەرگیرا کە لەو خاڵانەی خوارەوەدا بەر جەستە دەبێت :

 یەکەم: ئەنجومەنی شورا سوپاس و پێزانین و دەستخۆشی ئاراستەی لیژنەی باڵای ئامادەکاری کۆنگرەو راپرسی دەکات، کە لە ماوەی رابردوودا کارەکانی خۆیان دڵسۆزانەو خۆ نەویستانە ئەنجامداوە سەرەڕای ئاستەنگ و سەختی ودژواری دۆخی تەندروستی و رەوشی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان .

دووەم: ئەنجومەنی شورا خۆ راگری و بەشداری کارای سەرجەم ئەندامانی کۆنگرە بەرز دەنرخێنێت لە پڕۆسەی راپرسی بۆ وەرگرتنی بیرو رایان لەسەر ئەنجامدان یا خود ئەنجامنەدانی کۆنگرەی دوازدە لە ئێستادا، تا ئاسایی بوونەوەی رەوشی تەندروستی بەهۆی کۆڕۆناوە، شورای بزووتنەوە پابەندە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە کە پێیان وایە لە ئێستادا کۆنگرە نە بەسترێت تا کاتێکی گونجاو .

سێیەم: لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەیدا ئەنجومەنی شورا گەڵاڵەی نەخشە ڕێگایەکی کرد بە ئامانجی کاراتر کردنی سەرجەم ئۆرگان و مەکتەب و ناوەندەکانی کاری رێکخراوەیی .

چوارەم: شورای بزووتنەوەی ئیسلامیی خراپی گوزەرانی خەڵک و نەبوونی مووچەو نا عەدالەتی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان زەنگێکی مەترسیدارە لەسەر داهاتووی هەرێمەکەمان و تێکچوونی شیرازەی خێزانی و ئاساییشی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکەمان، بۆیە پێی وایە بێباکی دەسەڵات و بەرز بوونەوەی ئاستی ستەم و نادادپەروەری خەریکە دەگاتە لوتکەو سەبرو ئارامی و خۆڕاگری هاوڵاتیانیش بێسنوور نییە، بە هەند نەگرتن و نادیدە نەگرتنی ناڕەزایەتییەکانی شەقام باجی گەورەی هەیە .

پێنجەم: ئەنجومەنی شورا داوا لە لایەنەکانی بەشدار لە حکومەت دەکات هەوڵی جدی بدەن بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە کێشە هەڵواسراوەکانی نێوانیان و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و رەخساندنی هەلی کار بۆ هاوڵاتیان .

ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان/عێراق

۱٥ی رەبیعی دووەمی ۱٤٤۲ کۆچی، ۱ی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۰