نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی قەیرانی دارایی و دۆخی هەرێمیان تاوتوێکرد

  2020-12-01  | 
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان
فۆتۆ: سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی هەرێم و هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە و قەیرانی دارایی و دوایین پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێکرد.

 سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 1/12/2020 لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازیکرد لە بافڵ تاڵەبانى، هاوسەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان.

 ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان و لێکەوتەکانى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڤید_19 بەتایبەتى لە بوارى ئابووریدا و قەیرانى دارایی کە دۆخێکى سەختى هێناوەتە ئاراوە و کاریگەرییەکى نەرێنى کردووەتە سەر ژیان و گوزەرانى هاووڵاتیان، کێشەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵى عێراق و گفتوگۆ و هەوڵى چارەسەرکردنیان و چەند پرسێکى دیکەیان تاوتوێ کرد.

 ئەوەشی خستووەتەڕوو کە هەردوولا جەختیان لە گرنگى و پێویستیى یەکڕیزى و تەبایى و هاریکاریى نێوان لایەن و پێکهاتەکانى هەرێمى کوردستان بۆ تێپەڕاندنى ئەم دۆخە و سەختییەکان و بەرەنگاربوونەوەى تەحەدییەکانى قۆناناغەکە و داهاتوو کردەوە.