تەندروستی هەرێم: هەرکات عێراق ڤاکسینی کۆرۆنای دابینکرد بەشی هەرێمیش دەنێرێت

  2020-12-02  | 
هەولێر
خاڵس قادر بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هەرکات عێراق ڤاکسینی کۆرۆنای دابینکرد بەشی هەرێمیش دەنێرێت.

د. خاڵس قادر بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، "لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە هەماهەنگی بەردەوامداین، هەرکات عێراق ڤاکسینی کۆرۆنای دابینکرد، بەشی هەرێمی کوردستانیش دەنێرێت ."

ئاشکراشیکردووە، تائێستا لە بابەتی ڤاکسیندا گرفتیان نەبووە، بەردەوام لەلایەن عێراقەوە دابینکراوە و بەشی هەرێمیش دراوە .

راشیگەیاندووە، گەر پشکی هەرێم لەلایەن بەغداوە لە مەسەلەی ڤاکسینی کۆرۆنادا کەمبوو، وەکو وەزارەتی تەندروستی هەوڵ دەدەین ئەو جۆرە ڤاکسینە دەست بخەین، کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە باوەڕ پێکراو و سەلامەت و کاریگەرە، وتیشی، "ڕێگەی یەکەممان بۆ دابینکردنی ڤاکسین، وەزارەتی تەندروستی عێراقە."

ئامادەکاری حکومەتی عێراق بۆ کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا، لەکاتێکدایە ئەو پەتایە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی بڵاوبووەتەوە، ڕۆژانە سەدان کەس توشی ئەو ڤایرۆسە دەبن و دەیان کەسی تریش بەو هۆیەوە گیان لەدەستدەدەن .

پەرلەمانتارانی کوردیش لەپەرلەمانی عێراق، لە ئێستاوە کەوتوونەتە جموجۆڵ و بینینی بەرپرسانی تەندروستی عێراق، تا لە حاڵەتی کڕینی ڤاکسینەکەدا، عێراق پشکی هەرێمی کوردستانیش دابین بکات .

لای خۆیەوە محەمەد ئەمین فارس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، کە بەوتەی خۆی بۆ پرسی دابینکردنی ڤاکسین بۆ هەرێم، سەردانی وەزارەتی تەندروستی عێراقی کردووە، بەدەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "وەزیری تەندروستی عێراق، بەڵێنی پێداین، پشکی هەرێم دابین بکات، لەو ڤاکسینەی عێراق دەیکڕێت ."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کۆرۆنا کێشەیەکی گشتی و نیشتیمانیە، دەبێت بەغدا لەو ڤاکسینەی دەیکڕێت، بەشی هەرێم بدات، گەر پشکەکەش کەم بوو، هەرێم هەوڵی خۆی بدات ."

ڤایرۆسی کۆرۆنا لەعێراق و هەرێمی کوردستان، تەنها زیانی تەندروستی نەبووە، بەڵکو زۆربەی کەرتە حکومیەکانی وەستاندووە و زیانێکی گەورەی ئابوریشی لێکەوتووەتەوە.



ڕیکلام