جێگری فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئێران رایگەیاند، بەوردی چاودێری جموجۆڵی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا دەکەین و بەتوندی وەڵامی هەر جۆرە دەستدرێژییەک دەدەینەوە.
میدیاکانی ئێران لەزاری قادر رەحیمزادە جێگری فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئێران بڵاویانکردەوە، "سنوری ئاسمانی وڵات هێڵی سوورە و هەروەک پێشتر دوژمنانمان ئەو ئەزمونەیان هەبووە، بچوکترین دەستدرێژی بۆ سەر سنورە ئاسمانییەکانمان، رووبەڕووی وەڵامێکی ئاگرین و تێکشکێنەر دەبێتەوە".
سەبارەت بەو راپۆرتانەی ئاماژە بەوە دەکەن کە لە چەند رۆژی رابردوودا چەند فڕۆکەیەکی B52ی ئەمریکا لە نزیک سنوری ئاسمانی ئێران سوڕاونەتەوە، قادر رەحیمزادە رایگەیاندووە، "چاودێری سەرجەم جموجۆڵە سەربازییەکانی ناوچەکە و لەوانەش فڕینی فڕۆکە B52ەکانی ئەمریکا دەکەین، لە مەودای زیاتر لە ١٥٠ کیلۆمەتر لە سنورە ئاسمانییەکانی وڵات لە باشوری دورگەی فارس و هێزە ئاسمانییەکانمان بەوردی و بە وریاییەوە چاودێری هەر جوڵەیەکیان دەکەن".
ئەم لێدوانەی جێگری فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئێران دوای ئەوە دێت کە چەند رۆژ پێش ئێستا میدیای ئەمریکا لەزاری چەند بەرپرسێکی سەربازی واشنتن بڵاویکردەوە، دوو فڕۆکەی B52ی ئەمریکا، بەیاوەری چەند فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانی سعودیە و قەتەر و بەحرەین لە سنوری ئاسمانی ئێران نزیکبوونەتەوە و نزیکەی ٣٦ کاتژمێر بەسەر ئاسمانی کەنداودا سوڕاونەتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردبوو کە، ئامانج لەو مانۆڕەی فڕۆکە زەبەلاحەکانی ئەمریکا گەیاندنی پەیامێکی ئاگادارکردنەوەیە بە ئێران بۆ ئەوەی خۆ بپارێزێت لە هەرجۆرە هێرشکردنێک بۆسەر بەرژەوەندی و هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
نزیکەی سێ هەفتە پێش ئێستاش، میدیای ئەمریکا ئاشکرایکرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوتوێی هێرشی سەربازیی بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران کردووە، بەڵام چەند راوێژکار و بەرپرسی باڵای کۆشکی سپی لە بڕیارەکەی پاشگەزیانکردووەتەوە و هۆشداریان داوە لەوەی کە ئەو بڕیارە، لە هەفتەکانی کۆتایی سەرۆکایەتییەکەی، دەبێتەهۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە.
دواتر فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، چەند فڕۆکەیەکی جەنگییان لە جۆری B-52 رەوانەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکرابوو کە، " فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانیەتی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە مەبەستی رێگەگرتن لە توندوتیژی و رەفتاری شەڕانگێزانە، توانای راگواستنی خێرای هێزەکانی هەیە بۆ ناوەوە و دەرەوەی ناوچەکە ".