نوسینگەی کازمی بۆ ژیان: هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجام نادرێت هەتا کازمی لە تورکیا دەگەڕێتەوە

  2020-12-16  | 
بەغدا
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجام نادرێت هەتا مستەفا کازمی لە تورکیا دەگەڕێتەوە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ئەنجام نادرێت هەتا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردانەکەی بۆ تورکیا دەگەڕێتەوە، کە بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە ١٧ی١٢ی٢٠٢٠، بگاتە ئەو وڵاتە.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە ماوەی هەفتەیەکە شاندی هەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم چووەتە بەغدا، بەئامانجی رێککەوتن لەسەر پرسی بودجە و مووچە و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسان و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجام داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک.

لە دوایین کۆبوونەوەشدا ئەمڕۆ شاندی هەرێم چووە پەرلەمانی عێراق و لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی سەرۆکی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان داوای لە ئە‌نجومە‌نی نوێنە‌رانی عێراق کرد، هاوكار بێت بۆ جێبە‌جێ كردنی یاسای کورتهێنانی دارایی‌ و دابینكردنی ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی هە‌رێمی كوردستان و لەبەرامبەردا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڵێنیدا، پاڵپشتی لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەن.



ڕیکلام