حيکایەتی سلێمان

  2020-12-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هونەر تۆفیق

کابرا ئەوەی هەیبوو پیرە گوێدرێژێکی پەککەوتە و بڕێک پارەی زیوی قەدیمی بوو . پارەکانی کرد بە قوڕگی کەرەکەیدا ، بەرەو بازاڕ ڕایکێشا . لەناو مشتەریەکاندا کەرەکەی سلێمان  هێڵنجی لیرەی زیوی دەهێنایەوە ، هەمووان پێشبڕێکیان بوو بۆئەوەی بیکڕن . سلێمان فرۆشتی بە هەزار لیرەی زێڕ .

دوو شەوی نەبرد کەر تۆپی ، کڕیار چووە سەر ماڵی سلێمان ، ژنەکەی گوتی سلێمان لەماڵەوە نیە ، چاوەڕوان بن سەگەکەمان دەنێرم بەدوویدا بانگی بکات و بێتەوە . ئاخر سەگ چۆن قسان دەکات ؟ بۆنا ؟ ئەوە سەگی تایبەتی سلێمانە . پەتەکەی کردەوە و هەڵهات . هێندەی نەبرد سلێمان بەخۆی سەگێکەوە هاتەوە.

 کێشەی کەرەکەیان لەبیرچوویەوە ، کەوتنە سەودا و مامەڵەی ئەو سەگە تایبەتەی سلێمان و بەهەزار لیرەی زێڕ کڕیان . بۆ ڕۆژی داهاتوو سەگ هەڵهات و نەدۆزرایەوە ، هاتنەوە سەر ماڵی سلێمان. ژنەکەی فەرمووی لێکردن تا سلێمان دێتەوە . کاتێک هاتەوە یەکڕاست ژنەکەی بەرچەقۆدا . گوتیان بۆ ئەو ژنە داماوەت کوشت؟ گووتی هەرکاتێک خزمەت بە میوانەکانم نەکات ، ماوەیەک دەیکوژم و دوای زیندووی دەکەمەوە . ئاخر چۆن مردوو زیندوو دەکرێتەوە؟

ئەوەش بۆ سلێمان ئاسانە ، شمشاڵەکەی لە گیرفانی دەرهێنا و فووی پێداکرد و ژنەکەی هەستایەوە . کەروسەگیان لەبیرچوویەوە و کەوتنە سەودای شمشاڵە سیحریەکەی سلێمان ، ئەویش بەهەزار لیرەی تر پێ ی فرۆشتن . پیاوانی شار  کەتوڕە دەبوون بە پشتیوانی شمشاڵەکەی سلێمان کەوتنە یەکتر کوشتن . بەڵام کەسیان زیندوو نەبوونەوە . ئەوەی مابوو بڕیاریاندا سلێمان لە چەوال نێن ، بیبەن فڕێ ی بدەنە دەریاچەکەوە . لە ڕێگا سلێمان هاواری دەکرد : ئەی هاوار خەڵکینە من کچی پادشام ناوێت ، نامەوێت ژن بهێنم  .لەتاو هاتوهاواری سلیمان بێزاربوون ، لەپشوویەکدا سلێمانیان بە چەوالەکەوە بە دارێکدا هەڵواسی و خۆیان سەرخەوێکیان شکاند.

شوانێک بەخۆی و ڕانە مەڕەکەیەوە چووە لای چەوالە سلێمانەوە . چیە کابرا بۆ لەچەوالیان ناویت ؟ دەیانەوێت کچی پادشات بدەنێ ؟ کێ خوا خێری وای ڕوولێدەکات ؟ سلێمان شوێنەکەی خۆی لەگەڵ شوانەکەدا گۆڕیەوە . دواتر شوانیان فرێدایە قوڵایی دەریاچەکەوە و خنکا و مرد . خەڵکەکە دڵیان خۆشبوو لە سلێمان ڕزگاریان بوو . لەگەڕانەوەدا بینیان سلێمان 300 مەڕی پێشخۆی داوە و بەرەو شار دەروات . ئەرێ ئێمە فڕێماننەدایته دەریاچەکەوە ؟ چۆن هاتیەوە دەرەوە ؟ ئەی ئەم ڕانە مەڕەت لەکوێوە هێنا ؟ سلێمانێش زۆر بە ئارامی گووتی : خۆزگە لە قوڵتر فڕێتان دەدام چونکە کاتێک پەری دەریاکە منی دەرهێنا ، گووتی لێرە بەس ئەم 300 سەر مەڕەم لەدەست دێت پێت بدەم ، ئەگەر لەقوڵتر بای بەهەزاران سەر مەڕی لێیە و هەرکەس لەوێدا بێت زیاتری ئەدەمێ . خەڵکەکەش هەمووان هەڵهاتن بەرەو دەریاچەکە ، خۆیان فڕێدایە ناو قوڵایی ئاوەکەوە و کەسیان نەهاتنەوە .



ڕیکلام