ئەوانەی فیلەریان كردووە بە ڤاكسینی كۆرۆنا كاریگەری لاوەكیان بۆ دروست دەبێت

  2020-12-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەو كەسانەی فیلەریان بۆ دەموچاویانكردووە، ڕەنگە پاش وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا، تووشی كاریگەریی لاوەكی بن، لیژنەیەكی ڕاوێژكاری ئەمریكیی لە بەڕێوەبەرایەتی خۆراك و دەرمان( FDA ) لەو بارەیەوە هۆشداریداوە .


بەپێی هەواڵێكی فۆكس نیوز، ئەم كاریگەرییە لاوەكیانە كە هەڵئاوسانە و هەوكردن دروست دەكات لە كاتی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا كە لەلایەن كۆمپانیای مۆدێرنا ی ئەمریكاوە بەرهەمهێندراوە.

لیژنەكە ڕوونیكردەوە كە ژمارەیەك لەو كەسانەی ئەم دەرزییە جوانكارییانەیان وەرگرتووە، لەكاتی بەشداریكردنیان لەتاقیكردنەوە كلینیكیەكانی ڤاكسیندا، كاریگەریی لاوەكییان هەبووە. 

شێرلی شی، پزیشكی پسپۆڕی پێست رایگەیاندووە، ئەو كاردانەوەیە ئاساییە، چونكە كۆئەندامی بەرگری وەڵامی ڤاكسینەكە وەڵامی ڤاكسینەكە دەداتەوە.

ئەو پزیشكە كە لەكالیفۆرنیا كاردەكات، ڕوونیكردەوە نیشانەكانی ئەو كەسانەی ڤاكسینەكەیان بەكارهێناوە، لەلایەن كارمەندانی پزیشكییەوە زۆر بەئاسانی چارەسەریان بۆ كراوە .

ئەو ئاماژەی بەوەدا وەڵامدانەوەی سیستمی بەرگری لەهەندێك ناوچەی لەش ڕوودەدات، بەهۆی بوونی ماددە سەیر و سەمەرەكان وەك (فیلەر) كە بەشێوەیەكی ئاسایی لەجەستەماندا بەدیناكرێت، بەڵكو هەندێك كەس زیادیان دەكەن بۆ ئەو ناوچانەی وەك لێو و پێڵو، بۆ ئەوەی دەستكاری شێوەیان بكەن .

پزیشكەكە ڕایگەیاند، دوو كەس لەو كەسانەی كە نیشانەكەیان هەبووە، شەش مانگ پێشتر دەرزی پڕكەرەوەكەیان وەرگرتبوو، لە حاڵەتی دیكەشدا خۆبەخشێكی دیكە دوو ڕۆژ دوای كوتانەكە دەرزییەكی فلەر-ی لێدراوە و نیشانەی هەیە.

پێشتر ڤاكسینی مۆدێرنا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆراك و دەرمانەوە مۆڵەتی پێدراوە، ئەمەش پەیوەندی بە یەكەم كوتانی پەسەندكراوی ئەو وڵاتەوە هەبوو كە لەلایەن كۆمپانیای فایزەر و بایۆتێكەوە بەرهەم هێنراوە.