ئێران: باوەشی تاران کراوەیە بۆ سعودیە

  2021-01-02  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئێران باوەشی کراوە بۆ سعودیە، ئەگەر بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئاراستەی ڕاستەقینەی خۆی.

خەتیبزادە لە وەڵامی نامەیەکی سعودیەدا جەختیکردەوە، پەیوەندی و کێشەکانمان لەگەڵ سعودیە و هەندێک لەدەوڵەتانی ناوچەکە وەکی خۆی دەمێنێتەوە، مادەمەکی ئەو وڵاتانە لەوبڕوایەدان کە بەکڕنی چەک بە ملیاران دۆلار زەمانەتی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکانیان دەکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاماژەی بەوەشکرد، سیاسەتەکانی وڵاتەکەی لە بەرامبەر سعودیە جێگیر و ڕوونە، پێویستە لەسەر ڕیاز بە پەلە بوەستێت لە هەڵە ستراتیژییەکانی و دەستبەرداربوونی سیاسەتی هەڵە و کۆتایی هێنان بە جەنگی یەمەن و گەمارۆی سەر قەتەر و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی هاوسێی.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا خەتیبزادە ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە لەسەر سعودیە چالاکی سەلەفییەکان و وەهابییەکان لەسەر خاکەکەی ڕابگرێت، ئەگەر نا سامان و دارایی ئەو وڵاتە دەچێتە دەستی توندرەوەکانەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێی وایە ئاراستەی ڕاست و دروست هاریکاری هەرێمایەتییە، پێویستە لەسەر دەسەڵاتدارانی سعودیە بگەنە ئەو ئاستی متمانە بە خۆبوون، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هەرێمایەتی و هاریکاری بێ ئەوەی پێویست بکات بە دەوڵەتێکی گەورە لە دەرەوەی ناوچەکە.

لە کۆتایی وتەکانیدا خەتیبزادە ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا تاران وەڵامی حکومەتی ڕیازی وەرنەگرتووەتەوە لەسەر دەستپێشخەری ئاشتی لە گەرووی هورمز.



ڕیکلام