فەڕەنسا: ئێران کاردەکات لەسەر بنیاتنانی توانای ئەتۆمی

  2021-01-17  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جان ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند، ئێران کاردەکات لەسەر بنیاتنانی توانی ئەتۆمی، لە بەرامبەریشدا وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی وڵاتەکەیەوە هێشتا ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ژیاندایە.

لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەل ڕۆژنامەی (جی دی دی)ی فەڕەنسیدا، لۆدریان ڕایگەیاند، پێویستە بە ئێرانییەکان ڕابگەیەندرێت، ئەوە ئەوە بەسە، پێویستە کاربکرێت لەسەر گێرانەوەی ئیران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە تەنها بەس نییە، بەڵکو گفتوگۆی قورس هەیە سەبارەت بە موشەکە بالیستییەکانی ئێران و چالاکییە هەرێمایەتییەکانی تاران.

لە بەرامبەر ئەو لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسادا، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ ماوە بەهۆی ئێرانەوەیە کە بە زیندووی ماوەتەوە.

زەریف ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی ئەوروپی بەشدار لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە هیچ شتێکیان نەکردووە، بۆ پاریزگارکردن لە ڕێککەوتنەکە.

لە لایەکی ترەوە، ڕافائیل گروسی بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی ئێران پیویستە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا دەستپێبکاتەوە.

دوێنیش هەریەکە لە بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا رەخنەیان لە پلانەکانی ئێران گرت، سەبارەت بە هەوڵەکانی تاران بۆ بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم و رایانگەیاند ئەو هەوڵانە هیچ بەهانەیەکیان نییە .

ئەو سێ دەوڵەتە، کە پێکەوە ئیمزایان لەسەر ڕێککەوتنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کردووە، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، کە لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە دەکات "ئێران بە هیچ شێوەیەک جێگەی متمانە نییە کە یۆرانیۆم بۆ بواری مەدەنی بەکاردەهێنێت، چونکە بەرهەمهێنانی کانزای یۆرانیۆم لایەنی سەربازی مەترسیداری هەیە".

ئەو گۆڕانکارییانە لە هەڵویستی وڵاتان لە بەرامبەر ئێران لە کاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی کانونی یەکەمی ڕابردوودا، وەک پلانێک لە دژی سزاکانی ئەمریکا ئێران ڕایگەیاند، ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەرزکردووەتەوە بۆ لە ٢٠%.



ڕیکلام