کوردی  |  English            

لەكەركوك هەڵمەتێكی 30 ڕۆژە بۆ كۆكردنەوەی خۆڵ بەڕێوەدەچێت

  2021-01-20  | 
 سۆران عەبدولکەریم
بەهۆی زۆری خۆڵ و خاشاك لە شاری كەركوك، هەڵمەتێكی 30 رۆژەی كۆكردنەوە ئەنجامدەدرێت و سەرۆكی شارەوانیش هۆشداری دەدات لە دروستبوونی كارەساتی ژینگەیی.

فەرمانگە و دامەزراوە حكومیەكان لەكەركوك بۆ كەمكردنەوەی ئەو بارگرانیەی لەسەر شارەوانی پارێزگاكە دروست بووە لەپرسی نەبونی پارەی پێویست بۆ پاك كردنەوەی شار، ئەمڕۆ چوارشەممە سەرجەم فەرمانگە و بەڵێندەر و وەبەرهێنەرەكان هەڵمەتێكی 30 ڕۆژە دەستپێدەكەن.

فەرەیدون عادل، سەرۆكی شارەوانی كەركوك بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ووت: لەئێستادا ڕۆژانە 600 تا 700 تۆن خۆڵ وخاشاك لە كۆڵان و شەقامەكانی شارەكە كۆدەبێتەوە كە بەهۆی نەبونی كارمەندی پێویست و كەمكردنەوەی بەشە پارەی پاك كردنەوەی شار نەمانتوانیوە وەك پێویست پاك وخاوێنی شار ڕابگرین. 

ئەو لەبارەی هەڵمەتەكە وتی: لەسەر ڕاسپاردەی پارێزگاری بەوەكالەت سەرجەم فەرمانگەكانی كەركوك ناچاركران هاوكارمان بن لەهەڵگرتنەوەی خۆڵ وخاشاك. 

سەرۆكی شارەوانی كەركوك روونیشیكردەوە: ئەو 200 ملیۆن دینار مانگانەیەی بەغدا بۆمان ڕەوانەی دەكات بەشی ئەو هەموو زبڵ و خاشاكە ناكات ئەگەر بێت و بەغدا ئاوڕی جدی لەم پرسە نەداتەوە كارەساتی ژینگەیی لەشارەكە دروستدەبێت.