ژەنەڕاڵ ماکینزی: پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران چووەتە قۆناغی هەلەوە

  2021-01-25  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژەنەڕاڵ کینیس ماکینزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران چووەتە "قۆناغی هەلەوە"، دوای ئەوەی جۆ بایدن پۆستی سەرۆکایەتی وەرگرتووە.

ماکینزی لەناو ئەو فڕۆکە سەربازییەی کە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بەڕێکەوت ئاماژەی بەوەکرد، ئەو چەند مانگەی بەر لە دەستبەکاربوونی بایدن، ئاستی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرزتر بۆوە.

ئەو سەرکردە سەربازییە دیارەی ئەمریکا جەختیشیکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا توانیویەتی پارێزگاری بکات لە هێزی "بەر پەرچدانەوە" لە مامەڵەی لەگەل دۆسیەی ئێراندا، جەختیشیکردەوە لەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە هەوڵیانداوە ڕێگری بکرێت لە رودانی جەنگ لەگەڵ ئێراندا.

ماکینزی فەرماندەی فەرماندەیی سوپای ئەمریکایە و بەرپرسە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە "سنتکۆم" ناسراوە.

 وەک وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" ڕایگەیاندووە، چاوەروان دەکرێت ماکینزی لە سەردانەکەیدا بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم هەفتەیە سەردانی ئیسرائیل بکات.

بەگوتەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، سەردانەکەی ئەو فەرماندە باڵایەی سوپای ئەمریکا بۆ ناوچەکە، لەچوارچێوەی زیادبوونی ئاڵۆزییەکانە لەگەل گروپە ئێرانییەکانی ناوخۆیی سوریا.

پێشتریش جاک سۆلیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مائیر بن شبات هاوتا ئیسرائیلیەکەی ئەنجامداوە، تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکانیان تایبەت بووە بە هاریکاری هەردوولا و جەختکردنەوە لە بایەخی ڕێککەوتنەکانی ئاشتی لەنێوان تەلئەبیب و ئەبوزەبی و خەرتوم و ڕیبات و مەنامە.

سەردانەکەی ماکینزی بۆ ئیسرائیل یەکەمجارە و دوای بڕیارێکی پێشتری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکایە، کە ڕایگەیاندبوو ناوچەکە دەکەوێتە چوارچێوەی کاری فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکاوە.

پنتاگۆن لەو باریەوە ڕایگەیاندووە، ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی کردنەوەی دەرگای هاریکاری سەربازیی لە نێوان ئیسرائیل و چەند دەوڵەتێکی عەرەبی لە ناوچەکەدا.

 



ڕیکلام