113 پەرلەمانتار داوای گۆڕانکاری بڕگەکانی تایبەت بە بەشە بودجەی هەرێم دەکەن

  2021-01-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە یاداشتێكدا 113 پەرلەمانتاری عێراق داوای پێداچوونەوەیانکردووە، بەو بڕگانەی کە پەیوەندییان بە بەشە بودجەی هەرێم لە ڕەشنوسی، بە تایبەت بەو بەشەی پەیوەندیی هەیە بە دۆسیەی نەوتەوە.

ئەو یاداشتەكە كە دەگەڕێتەوە بۆ ٣ ڕۆژ لەمەوبەر و ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كراوە، یاداشتەکە لەلایەن عەممار توعمە سەرۆكی لیستی حیزبی فەزیلەوە ئیمزای بۆ كۆكراوەتەوە، کە تایبەتە بە ١٦ سەرنج و داواکاری لەسەر بودجەی فیدراڵی ئەمساڵی عێراق.

لە یاداشتەکەدا بە ڕاشکاوی داوای لابردنی ئەو بڕگەیە کراوە کە تایبەتە بە شایستە داراییەكانی هەرێم لە نێوان ساڵانی 2014_ 2019 بە تایبەت کە تا ئێستا هیچ بڕە نەوت و داهاتێكی رادەستی بەغدا نەكردووە.

لە خاڵێکی دیکەی تایبەت بە هەرێم داوای ناچاركردنی هەرێم دەکات بە بەرادەستكردنی 460 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق ناسراو بە (سۆمۆ)، ئاماژە بەوەشکراوە، ئەگەر بەرهەمی نەوتی لەوەش زیاتر بوو پێویستە رادەستی كۆمپانیای سۆمۆی بكات.

لە داوایەکی دیکەی ئەو ١١٣ پەرلەمانتارەدا ئاماژە کراوە بە لابردنی ئەو بڕگەیەی  کە تایبەتە بە چارەسەركردنی قەرزەكانی هەرێم و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نێوان 2014 _ 2019.  

داوایەکی دیکەیان تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی هەرێم کە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کردووەیەتی و دەبێت ئەو بوارە بخرێتە ناو بابەتی پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكانی عێراقو مۆڵەتەکانی تایبەت بە دەرهێنانی نەوتی عێراق.

لە داوایەکی دیکەی ئەو ١١٣ پەرلەمانتارە هاتووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕگەی سێ لە  (ا، ب ، ج) کە ڕێگە دەدات بەوەی حکومەتی فیدراڵی  قەرزەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ بگرێت کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩ کردوویەتی.

جگە لەوانەش داوای زیادکردنی مادەی حەوتی یاسای کۆمەکی کورتهینانی بودجە کراوە، بۆ ئەوەی حاکم بێت لە دیاریکردنی پەیوەندی نیوان هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی فیدراڵی لە ڕووی ئیدارەدانی داهاتەکان و دابەشکردنەوەی بەسەر هاوڵاتیانی عێراقدا.

 

هۆشیار عەبدوڵا لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (26ی کانونی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، دیدی لایەنە عێراقییەکان دیاریکراو نییە لەبارەی پشکی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجەدا، ئەوەی هەیە و  ئاماژەیەکی ڕوونە ئەوەیە داوای داهاتى 250 هەزار بەرمیل نەوت دەکەن بەو نرخەی کۆمپانیای سۆمۆ دەیفرۆشێت .   



ڕیکلام