"هەرێم ئامادەیە 250 هەزار بەرمیل نەوت یان داهاتەكەی رادەستی عێراق بكات"

  2021-01-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هیچ بیانویەك نەماوەتەوە بەشە بودجەی هەرێم نەنێردرێت، حكومەتی هەرێم ئامادەیە 250 هەزار بەرمیل نەوت یان داهاتەكەی رادەستی عێراق بكات.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە رۆژنامەوانانی راگەیاند "لەناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەت ئەو ناوچانەی رێژەیەكی كەم دەنگی كورد هەیە، وەك دووزخورماتوو، ئەگەر كورد یەك دەنگ بێت ئەگەری هەیە كورسیەك بەدەستبهێنین، یاخود زومار و تەلەعفەر، بەڵام ئەگەر دەنگەكان پەرش و بڵاوبن، كورد ناتوانێت لەو ناوچانە كورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت". 

ناوبراو وتیشی: وەك پەرلەمانی كوردستان بەپێویستی دەزانین و ئەركێكی نیشتمانیە، حزبە كوردستانیەكان هاوپەیمانێتی بكەن و بەیەك لیست لەو ناوچانە بۆئەوەی كاندیدێكی هاوبەشیان هەبێت و بەرژەوەندی نیشتمانی بخرێتە سەروی بەرژەوەندی حزبیەوە. 

ئاماژەی بەوەشكرد، یاسای نوێی هەڵبژاردنی عێراق، گۆڕانكاری بەسەرداهاتووە و پێویستە هاوپەیمانێتیەكان پێش هەڵبژاردن تۆماربكرێن، بۆیە پێویستە لەئێستاوە حزبە كوردستانیەكان هاوپەیمانێتی بكەن.

هەورامی روونیكردەوە بەردەوام لەسەر هێڵن لەگەڵ شاندی هەرێم، ئەو تێكستەی لە پرۆژەیاسای بودجە كە حكومەت ناردویەتی بۆ پەرلەمان لەسەر بنەمای رێكەوتنێك بووە لە نێوان هەرێم و بەغدا، ئێمە پشتیوانی لەو رێكەوتنە دەكەین. 

ئاشكرایكرد لە پەرلەمانی عێراقیدا لەسەر ماددەی 11 ی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی عێراق كە لەسەر دۆسیەی رادەستكردنی نەوتە كێشەكانی تێدا چڕبووەتەوە.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتیشی: هیچ بیانویەك نەماوەتەوە بەشە بودجەی هەرێم نەنێردرێت، حكومەتی هەرێم ئامادەن  250 هەزار بەرمیل نەوت یان داهاتەكەی رادەست بكەن، بەڵام ئەوەی تێبینیكراوە ئاڕاستەیەكی توندتر هەیە لەناو پەرلەمانی عێراق بۆ فشارخستنەسەر هەرێم. 

ئەو ئومێد دەكات هەرێم و بەغدا بگەنە ئەنجامێك، چونكە ئەولەویەتی سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمانی كوردستانیش رێكەوتنە لەگەڵ بەغدا.


ڕیکلام