ئەمریکا: دەگەڕێینەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئەگەر ئێران پابەندبێت

  2021-01-28  | 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دەگەرێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئەگەر ئێران بەتەواوی پابەندی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بێت.

ئەنتۆنی بلینکین لە یەکەم کۆنفراسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لەدوای دەستبەکاربوونی لە واشنتن ڕایگەیاند، کاتێک ئێران دەگەڕێتەوە بۆ کاری هاوبەش ئەوا ئێمەش هەمان شت دەکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر تاران بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئەوا گروپێک لە شارەزایان پێکدەهێنن بۆ لێکۆڵینەوە لێی.

ئەنتۆنی بلینکین ئەوەشی خستەڕوو، لە زۆر ڕووەوە تاران پابەند نەبووە بە ڕێککەوتنەکە، بەڵام ئەگەر بڕیاریدا پابەندبێت ئەوا هەندێک کاتی پێویستە، هەروەها ئەوانیش هەندێک کاتیان دەوێت بۆ هەڵسەنگاندنی ڕاددەی پابەندبوونی ئێران، بەڵام ئەوان ئێستا لەو هەنگاوانە دوورن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لە ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی کرد و دووبارەی پشتیوانی کابینەی نوێی ئەمریکای بۆ دەربڕی.

لەلایەکی دیکەوە بلینکین دڵنیایی دایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕایگەیاند، جیهان پێویستی بە سەرکردایەتی ئەمریکایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕووبەڕووبونەوەی کێشەکان، ئیدارەی نوێش ئەو ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ.

وتیشی، واشنتن لەچوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەیدا کاردەکات بۆ هاندانی ئەوانی تر بەرەو چاکە.



ڕیکلام