سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: لەماوەی مانگێکدا 17 کیلۆ یۆرانیۆمی 20٪یمان پیتاندووە

  2021-01-28  | 
تاران
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لە پیتاندنی یۆرانیۆمی 20٪ی بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە ولەماوەی کەمتر لە یەک مانگدا 17 کیلۆ یۆرانیۆمی 20٪یان پیتاندووە.

لە میانی سەردانیکردنی بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، "لە پیتاندنی یۆرانیۆمی 20٪یدا کە بڕیاربوو ساڵانە 120 کیلۆ بپیتێنین، زووتر لە کاتی خۆی بڕیار و پلانەکەمان جێبەجێ کردووە و بەرەوپێشچوونی باشمان بەخۆوە بینیوە".

وتیشی، "لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا ١٧ کیلۆ یۆرانیۆمی 20٪یمان پیتاندووە".

سەرۆکی پەرلەمان ئێران راشیگەیاند، پیشەسازی ئەتۆمیی وڵاتەکەی هەنگاوی گەورەی بۆ پوچەڵکردنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا هاویشتووە و لەو بڕوایەدان کە بەبڕیار و هەڵوێستەکانیان، لە داهاتوودا گەلی ئێران لە ئاسایش و ئارامی باشتردا ژیان بەسەردەبەن.

پێشتریش بێهروز کەمالوەندی وتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاندبوو کە، رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی 20٪ی لە وڵاتەکەی گەیشتووەتەوە ١٧ کیلۆ.

ئەم لێدوانەی بەرپرسانی ئێران پاش ئەوەدێت کە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بگەرێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئەگەر ئێران بەتەواوی پابەندی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بێت.



ڕیکلام