کەجەکە: لە ئەنجامی پەیوەندییەکانی پاراستن و میت سەدان گەریلای پەکەکە شەهیدبوون

  2021-02-02  | 
باکوری کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێكی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، ڕایگەیاند، میت بە هاوکاریی پاراستن، پەیوەندیی هەواڵگریی دروست دەکات ‌و لە ئەنجامی ئەو پەیوەندییەش سەدان گەریلای پەکەکە شەهیدبوون، دەشڵێت، پێویستە گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان لە دژی ئەو پەیوەندییە، هەڵوێستیان هەبێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی میدیا هابەر، مستەفا قەرەسوو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە رایگەیاند، "لە ئەنجامی پەیوەندییەکانی هەواڵگریی پارتی (پاراستن) لەگەڵ میتی تورک، سەدان گەریلای پەکەکە شەهید بوون و پاراستن هاوکاریی میت دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندیی هەواڵگریی لە باشوری كوردستان بەتایبەت لە بادینان دروست بکات".

قەرەسوو ئاماژەی بە سەردانە سەربازی و هەواڵگرییەکانی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، "پارتی دەیەوێت دەوڵەتی تورک، فشار بخاتە سەر عێراق تا فشار لەسەر یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دروست ببێت لەبارەی پرسی پەکەکەوە".

وتیشی، "ئەگەر پەکەکە تێکشکێنرا و لەناوبرا، ئایا پەدەكە سەردەکەوێ؟ ئەگەر پەدەكە وا بیردەکاتەوە، ئەوا هیچ کاتێک دوژمنی نەناسیوە، ئەگەر دوژمنی کوردیش نەناسێ‌، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت نوێنەرایەتیی کورد بکات".

ئەو ئەندامەی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، باسی لە پەیامی ڕێپێوانی بۆ یەکێتی نەتەوەیی لە شاری باتمانی باکوری کوردستان کرد ‌و رایگەیاند، "لە باتمان گەلی کورد، داوای یەکێتیی نەتەوەیی کرد ‌و دەڵێن، وەرن بۆئەوەی دوژمن سوود لە پەرتەوازەیی كورد نەبینێت، هەمووتان لەدەوری یەك کۆببنەوە ‌و پێویستە هێزە سیاسییە کوردییەکان و گەلی کورد لە دژی ئەو پەیوەندییانەی پارتی لەگەڵ تورکیا کە خزمەت بە دوژمن دەکەن، هەڵوێستیان هەبێت".

لە كۆتایی قسەکانیدا، مستەفا قەرەسوو هۆشداریدا لەبارەی هەوڵەکانی هێرشکردنەسەر بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەلایەن سوپای تورکیاوە و رایگەیاند، "ئەگەر دەوڵەتی تورک بە پشتیوانیی پارتی هێرش دەکاتەسەر ناوچەکانی بەرگریی میدیا، بێگومان ئێمە بەرپەرچیان دەدەینەوە ‌و کاتێک ئێمە دەڵێین، کە دەبێت پەدەكە واز لەو هەڵوێستەی بهێنێت، خەمی ئێمە تەنها تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد و داهاتووی کوردە".



ڕیکلام