مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، دەستگیرکراوەکانى بادینان نە رۆژنامەنووس بوون نە چالاکوان، هەندێکیان سیخوڕى وڵاتان بوون و هەندێکى تریان تێکدەربوون و هەوڵى تەقاندنەوەى شوێنى بیانیان داوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو بەهەموو شێوەیەک لەگەڵ ئازادی ڕادەبڕیندایە و بەهەموو جۆرێکیش ڕێگر نییە ڕەخنە لە دەسەڵات بگیرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی کە گیراون نە چالاکوان نە ڕۆژنامەنووسن، هەندێکیان سیخور بوون و سیخوریان بۆ وڵاتان کردووە، هەندێکیشیان تێکدەر و چەکداربوون و هەوڵی تەقاندنەوەی باڵەخانە و پێگەی خەڵکی بیانی و کوشتن و فڕاندن و تێکدانی دۆخەکەیان داوە.
مەسرور بارزانی وتیشی، ئەو کەسانە لە ژێر بەرگی ڕۆژنامەنووس و چالاکوان کاریانکردووە بەڵام کاری دیکەیان کردووە و حکومەتیش بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە دەکات کە بیانەوێت لە ژێر هەر ناوێک بێت دۆخەکە تێکبدەن.
ماوەی شەش مانگە ژمارەیەک چالاکوانی و مامۆستا و رۆژنامەنووسی بادینان بەهۆی هەوڵدانیان بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزای دەربڕین لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکراون و ژمارەیەکیان هەتا ئێستا چارەنوسیان نادیارە و کەسوکار و پارێزەرەکانیان نەیانتوانیوە بیانبینن.
ڕۆژی یەک شەممەش کەسوکاری دەستگیرکراوەکان کاتێک ویستیان لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر گردببنەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سەرجەمیان دەستگیرکران و دواتر ئازادکران.