تورکیا: سەرکردەیەکی پەکەکەمان لە شنگال دەستگیرکرد

  2021-02-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تورکیا ڕایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنێکی هەواڵگریدا سەرکردەیەکی پەکەکەیان لە قەزای شنگال دەستگیر کردووە و گواستویانەتەوە بۆ ناو خاکی تورکیا.

ئاژانسی هەواڵ ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگری تورکیا توانیویەتی سەرکردەیەکی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە لە باکوری عێراق دەستگیر بکات.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سەرکردەی پەکەکە ناوی "ئیبراهیم باریم"ە  ناسراو بە  "لاشیر"و لە ئۆپراسیۆنێکی هەواڵگری ئاڵۆزدا لە قەزای شنگال دەستگیر کراوە.

بە گوتەی ئاژانسەکە ئەو کەسە بەرپرس بووە لە کاروباری لۆجستی پەکەکە لە ناوچەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا لە لایەن یەکەی قەلاچۆکردنی تیرۆر و بە هاوکاری دەزگای هەواڵگری تورکیا و بەرێوەبەرایەتی ئاسایش لە ئەنکەرە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

بە گوێرەی هەواڵەکە باریم لە ساڵی ٢٠١٤ بەشداری کردووە لە خۆپیشاندانەکانی ویلایەتی وان و ڕوداوەکانی کۆبانێ و دەواتر لە ساڵی ٢٠١٥ پەیوەندی کردووە بەڕیزەکانی پەکەکەوە.



ڕیکلام