ئەمریکا: لەبەرامبەر هێرشی حوسییەکان بۆسعودیە دەستبەستراو نابین

  2021-02-11  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنتۆنی بڵینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئیدانەی هێرشی حوسییەکانی یەمەنی کرد بۆسەر سعودیە و پابەندبوونی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پشیتوانی و بەرگریکردن لەو وڵاتە و ڕایگەیاند، دەستبەستراو نابن لەئاست هێرشەکاندا.

لە تویتیکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ڕیاز دووپاتکردووەتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، سعودیە هاوبەشێکی ئەمنی گرنگی واشنتۆنە لەناوچەکە، بۆیە هەر وا دەسەوستان ناوەستن لەبەرامبەر بەردەوامی هێرشی حوسییەکان بۆسەر ئەو وڵاتە.

بڵینکن لەو گفتوگۆ تەلەفۆنییەدا لەگەڵ هاوتا سعودیەکەی، ئیدانەی ئەو هێرشە موشەکیەی حوسییەکانی کرد، کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی ئەبها و بەرکەوتنی فڕۆکەیەکی مەدەنی لە فڕۆکەخانەکەدا.

دواتریش "نید برایس" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هەردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سعودیە گفتوگۆیانکردووە دەربارەی هەوڵە هاوبەشەکان، بۆ بەهێزکردنی ئاستی بەرگرییەکانی سعودیە لەدژی ئەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەر وڵاتەکەی.

بەگوێرەی بەیاننامەکە هەردوولا جەختیشیان کردووەتەوە لە چارەسەری سیاسی بۆ جەنگی یەمەن و گەیشتن بە چارەسەرێکی خوازراو لەنێوان لایەنە ناکۆکەکاندا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ تورکی مالکی وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی دژی حوسییەکان ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانیان هێرشێکی حوسییەکانیان پوچەڵکردووەتەوە، کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پڕ لە تەقەمەنی ئاراستەی ناوخۆیی سعودیەیان کردبوو.

لای خۆشیانەوە حوسییەکان ڕایانگەیاند، بە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیانکردووەتە سەر بەشی فڕۆکە جەنگییەکان لە فڕۆکەخانەی ئەبهای سعودیە.



ڕیکلام