کەجەکە: ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا بۆ چیای گارە بەڕەزامەندی پارتییە

  2021-02-11  | 
دۆسیە:  پەکەکە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپا جڤاکێن کوردستان- کەجەکە ڕایگەیاند، یەکەمجارە سوپای داگیرکەری تروکیا لە زەمینەوە سەربازی ناردووە بۆ شەڕ دژی پەکەکە لە چیای گارە و بە ڕەزامەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هێرشەکە بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم جموجوڵەکانیش لە شارۆچکەى باکرمانی سەر بە قەزای ئاکرێ لە باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.

کەجەکە لەڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە هێرشی دوو ڕۆژی ڕابردووی سوپای تورکیا لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بڵاویکردەوە، لە بەرەبەیانی ١٠ی شوباتدا بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک زۆر شوێن لە ئاسمانەوە بۆردومانکران و سەربازیان لە هەندێک شوێن دابەزاند. ئێستا لە گارە لە نێوان گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و سوپای تورکی داگیرکەردا شەڕێکی قورس لە ئارادایە.

کەجەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپای تورکیا بەبێ رەزامەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ناتوانن هیچ جۆڵەیەکی داگیرکەری لە دژی گارە ئەنجام بدەن، چونکە دەبێت رێگاپێدان و پەسەندکردنی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو رۆژەى ئەو هێرشە دەستیپێکرد، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بری ئەوەى لە دژی ئەو داگیرکەرییە بوەستێتەوە، گەریلاکانی تاوانبارکرد و رەوایی بەو داگیرکەرییە دا. هەر خۆی دوو بۆ سێ مانگە هێزە سەربازییەکانی پارتی دەوری ناوچەکانی گەریلایان گرتبوو،  بۆیە لەو دۆخەدا داگیرکاریی دەوڵەتى تورک دەستیپێکرد.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هێرشە لە قوڵایی ناوخۆی باشووری کوردستان ئەنجامدرا، پێدەچێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ داگیرکردنی کەرکوک و موسڵ. بەپێی داگیرکەرییەکانی پێشتریش ئەوە دەزانرێت، دەوڵەتى تورکیا لە ناوچە داگیرکراوەکان ناکشێتەوە.



ڕیکلام