پاش 45 کۆبوونەوە تاوەکو ئێستا پشکی هەرێم لە بودجەی 2021 یەکلانەبۆتەوە

  2021-02-11  | 
بەغدا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پاش ٤٥ کۆبوونەوە و ٥٠٠ کاتژمێر دانیشتنی بەردەوامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، تاوەکو ئێستا پشکی هەرێم لە بودجەی 2021دا یەکلایی نەبووەتەوە.

شێروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، "لەدوای گەیشتنی پڕۆژە یاساکە بە پەرلەمانی عێراق، ئێمە وەکو لێژنەی دارایی دەستمانکرد بە کۆبوونەوەکان چوونکە پێمانوابوو کە پڕۆژە یاساکە کەموکورتی زۆری تێدایە".

ئاماژەی بەوەشکرد، دەستکاری بەشێکی زۆری ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاساکەیان کردووە و تاوەکو ئێستا ٤٥ کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و میوانداری ٣٠٠ کەسیان کردووە لە وەزیر و بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بە خەرجی و داهاتی وەزارەتەکانەوە هەیە.

وتیشی، تاڕادەیەک گەیشتوونەتە بەشی کۆتایی و پڕۆژەیاساکە ئامادەیە و تەنها پشکی هەرێم یەکلایی نەبووەتەوە.

ئەوەشی خستووەتەروو، ئەوان وەک ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی هەرێمی کوردستانیش، تاوەکو ئێستا سورن لەسەر ئەو بڕگەیەی کە لە حکومەتەوە هاتووە بۆ پەرلەمان چونکە پێیانوایە کە ئەو بڕگەیە دەستورییە.

ئاشکراشیکرد، لایەنە شیعەکان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و رایانگەیاندووە کە ئەو ماددەی لە حکومەتەوە هاتووە قبوڵیان نییە، لە وەڵامدا ئەوانیش پێیانوتوون زۆر باشە، کەواتە با لایەنە شیعەکان بڕگەیەک بدۆزنەوە کە دەستووری بێت و شایەنی جێبەجێکردن بێت، لەلایەن هەردوو لایەنی حکومەتی هەرێم و بەغداوە.

وتیشی، پێشبینی دەکات رۆژی شەممە و یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو لایەنە شیعەکان پێشنیازێک پێشکەش بکەن و لەوبارەیەوە لەگەڵیان گفتوگۆ بکەن.

سەبارەت بە قبوڵکردنی مەرجی بەغدا بۆ تەسلیم کردنی هەموو داهاتی نەوت، لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، شێروان میرزا رایگەیاند، ئەگەر بەغدا ئامادە بێت پشکی کۆمپانیاکان و خەرجی نەوت بدات، ئەوان ئامادەن گفتوگۆی لەبارەوە بکەن، بەڵام ئەگەر داوای هەمووی نەوت بکەن و خەرجییەکانیش لەئەستو نەگرن، ئەوە مایەی قبوڵکردن نییە.

دەربارەی داهاتی دەروازە سنورییەکانیش، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، یاسای ئیدارەی مالی ئەو بابەتەی یەکلایی کردووەتەوە، بەشێوەیەک کە ئەو پارێزگایانەی دەروازەی سنورییان هەیە، لەسەدا ٥٠ی ئەو داهاتە بۆ پارێزگاکە خەرج دەکرێت و لەسەدا ٥٠یشی بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێتەوە.



ڕیکلام