چوار پەرلەمانتاری عێراق داوا دەکەن تورکیا کۆتایی بە لەشکرکێشییەکانی بهێنێت

  2021-02-11  | 
بەغدا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
چوار پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق داوای کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم دەکەن و دەڵێن، پێویستە لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێم و عێراق کۆتایی بێت.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید و کاوە محەمەد و سەرکەوت شەمسەدین و غالب محەمەد ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردەوە، "ماوەی چەند رۆژێکە سوپای تورکیا لە رێگەی هێزی زەمینی و ئاسمانی-ەوە و لە قوڵایی دەیان کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق لەشکرکێشی دەستپێکردووە کە ئەمە پێشێلکارییەکی رونی سەروەری خاکی عێراق و یاسا نێودوڵەتییەکانە و پێویستە دەستبەجێ هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق و هەرێمی کوردستان بێدەنگی بشکێنن و هەڵوێستیان هەبێت".

ئاماژەیان بەوەشکردووە، پێویستە حکومەتی عێراق لەرێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی-ەوە سکاڵا دژی دەوڵەتی تورکیا تۆماربکات و هەوڵە نێودەوڵەتیەکان دژی لەشکرکێشیەکانی سوپای تورکیا لە ناو خاکی عێراق یەکبخرێن .

ئەو چوار پەرلەمانتارە دەشڵێن، "ئێمە وەک ئەرکی سەرشانمان کە نوێنەرایەتیکردنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراقە، سێ جار لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە واژوی ٥٠ پەرلەمانتار داواکاریمان پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کردووە بۆ کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر پرسی لەشکرکێشی و داگیرکاری تورکیا لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا، بەڵام بەداخەوە بە ئەجێندایەکی حزبی دیاریکراو رێگە نەدراوە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ئەم پرسە بخاتە بەرنامەی کارەوە، کە ئەمە ئەو پەری بێ رێزییە بە ئیرادەی گەلەکەمان. ئێمە هاووڵاتیانمان دڵنیا دەکەینەوە کە بێدەنگ نابین لە دژوەستانەوەی داگیرکاری دژ بە خاكی هەرێم و عێراق کە لە هەرلایەکەوە بێت".

داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا دەکەن، کە هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ رێگەگرتن لە دروستکردنی ئاڵۆزیی سەربازی و ئەمنی لە ناو خاکی عێراق لەلایەن وڵاتانی دراوسێ-وە، بەتایبەتی کە هێشتا مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکە ماوە و پێویستە هەموو هەوڵەکان بۆ بنبرکردنی داعش بێت .

ئەحمەدی حاجی ڕەشید و کاوە محەمەد و سەرکەوت شەمسەدین و غالب محەمەد لە کۆتایی بەیاننامەکەیاندا رایانگەیاندووە، کێشەی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا کێشەیەکی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە و پێویستە بەرێگەی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت کە ئەوەش تاکە رێگەی چارەسەری یە، هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێک نین لەو کێشەیە و نابێت تێوەبگلێنرێن.



ڕیکلام