کەجەکە: بە داگیرکردنی گارە دەیانەوێت درێژە بە پیلانگێڕی گرتنی ئۆجەلان بدەن

  2021-02-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە) ڕاگەیەندراوێکی لەسەر پیلانگێڕی دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان لە رۆژی 15 ی شوباتی ساڵی 1999 بڵاوکردەوە و دەڵێت تورکیا وهاوکارەکانی بە جوموجوڵی داگیرکردنی گارە، دەیانەوێت لە هەلومەرج و بە شێوەی نوێ درێژە بە پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات بدەن.

کەجەکە ئاماژەی بەوەکردوە زیادبوونی هێرشەکان بەهۆی زیادبوونی هێز و کاریگەری ئۆجەلانەوەیە،چونکە ئێستا ئۆجەلان بەتەنها رێبەری گەلی کورد نییە بەڵکو بووەتە ڕامانی ئازادیی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.

کەجەکە ڕاشیگەیاندوە گەلی کورد و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دروشی کات کاتی ئازادییە لە دژی پیلانگێڕی سەر ئۆجەلان خەبات دەکەن و هەڵمەتەکە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە ڕاپەڕینی گەلی کورد لە هەرچوار پارچە لەدژی داگیرکاری تورکیا بۆ سەر چیای گارە هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی تورکیا خێراتر دەکات.

ئەوە لەکاتێکدایە لەرۆژی 10 ی ئەم مانگەوە سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنی چنگی هەڵۆی دووی بۆ سەر پەکەکە لە چیای گارە دەستپێکردوە و تا ئێستا بە دەیان سەربازی تورکیا کوژراون و شەڕێکی قورس بەڕێوەدەچێت.


ڕیکلام