ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیل لە سوریا گەیشتە ٩ کەس

  2021-02-15  | 
دۆسیە:  سوریا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوەکانی بۆردومانە ئاسمانیەکەی بەرەبەیانی ئەمڕی ئیسرائیل بۆ سەرئامانجەکانی لە ناوخۆیی سوریا بەرزبووەتەوە بۆ ٩ کوژراو، سەرجەمیان لە گروپەکانی نزیک لە ئێرانن.

ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، بۆردومانەکانی ئیسرائیل چەند پێگەیەکی سوپای سوریای گرتووە، بە تایبەت ئەو کۆگایانەی کە گومان دەکرێت چەک و موشەکی ئێرانی و گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتەی تیا حەشار درابێت.

بەگوێرەی ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا کوژاروەکان کە لە بۆردومانەکانی ئەم بەیانیەدا کوژراون، هیچیان ڕەگەزنامەی سوری و عەرەبییان نییە.

لە لایەکی ترەوە سوپای سوریا بڵاویکردەوە، بەرە بەیانی ئەمڕۆ دژە ئاسمانییەکانی بەرپەرچی هێرشێکی فڕۆکە چەنگییەکانی ئیسرائیلیان داوەتەوە لەسەر ئاسمانی دیمەشق، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە وردەکانی هێرشەکان نەکردووە.

تا ئێستاش سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەسەر هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاشکرا نەکردووە، بەڵام لێپرسراوە سەربازییەکانی ئیسرائیل بەردەوام جەختدەکەنەوە لەوەی، ئامانجی هێرشەکانیان لەناوخۆیی سوریا، کۆتایی هێنانە بە بوونی ئێران لەڕووی سەربازییەوە لە سوریا.



ڕیکلام