هەپەگە: توركیا لە هێرشەكەی گارە چەكی كیمیایی بەكارهێناوە

  2021-02-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە ڕایگەیاند، دەوڵەتی توركیا دژی دیلەكانی خۆی لە كامپێكی مەیدانی سیانە لە چیای گارە، چەكی كیمیایی بەكارهێناوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەكرد: سوپای توركیا دژی ئەو دیلانەی كە لە كامپێكی مەیدانی سیانەی چیای گارە ڕادەگیران و بۆ كوشتنیان گازی كیمیایی بەكارهێناوە. 

هەپەگە كە باڵی سەربازی پەكەكەیە راشیگەیاندووە "بەهۆی ئەوەی لەو ناوچەیە چەكی كیمیایی بەكارهێنراوە، كەس ناتوانێت سەردانی شوێنەكە بكات". 

ئەوەشی راگەیاندووە بەهۆی بەردەوامی بۆردومانەكانی توركیا لە ناوچەكە تا ئێستا وردەكاری زیانەكان ئاشكرا نەبوون، دەشڵێت: بە گوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەكان، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو كەسانەی لەو كامپەدا بە چەكی كیمیایی كوژراون، دواتر لەلایەن سوپای داگیركەری توركیاوە گولـلەباران كرابن. 

هەپەگە شەهیدبوونی گەریلایەكی لە گوندێكی ناوچەكە راگەیاندووە، ئاماژەی بەوەشكردووە رۆژی دوای ئەوەی كە وەزیری بەرگری توركیا كۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنەكەی راگەیاندووە هێرشەكانیان لە ناوچەكە بەردەوام بووە. 


ڕیکلام