هێرشە موشەکییەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر شاری هەولێر، کاردانەوەی وڵاتانی جیهانی لێکەوتەوە و سەرجەمیان رایانگەیاند، بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەن و داواکارن ئەنجامدەرانی بەتوندترین شێوە سزا بدرێن.
دوابەدوای هێرشە موشەکییەکی شەوی رابردوو، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، زۆر تووڕەیە لەو هێرشەی کە کراوەتە سەر هەرێمی كوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتن پاڵپشتی بۆ هەموو هەوڵێك دووپاتدەکاتەوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە ئەنجامبدەن و ئەوانەی دەستیشیان لە هێرشەكەدا هەیە، بەتوندترین شێوە سزا بدرێن.
هەر ئەمڕۆش نایف فەلاح موبارهك ئەلحهجرەف، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی ھاریكاری وڵاتانی كەنداوی عەرەبی سەرەخۆشی خۆی بۆ بنەماڵەی ئەو کەسە دەربڕی کە بەهۆی هێرشەکەوە شەهیدبوو و هیوا زوو چاكبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.
ناوبراو ئامادهیی ئهنجومهنهكهی دهربڕی، بۆ ھاوكاریكردنی عێراق لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەھێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەر خاكەكەی .
ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی ھاریكاری وڵاتانی كەنداوی عەرەبی جەختی لەسەر ھەڵوێستی نەگۆڕی ئەنجومەنەکە کردەوە بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر به تهواوی شێواز و جۆرهكانییهوه، به ههر پاساو و بیانوویەکەوە بێت.
دووپاتیشیكردهوه، پێویسته ههموو لایهك كار لهسهر وشككردنی سهرچاوه داراییهكانی تیرۆرستان له ناوچهكه بكهن.
هاوکات هەر ئەمڕۆ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند، "بەتوندی سەرکۆنەی ھێرشەکەی شەوی رابردووی شاری ھەولێر و ھێزی ھاوپەیمانان دەکەم".
وتیشی، "پرسە وسەرەخۆشیم ئاراستەی خێزانی بەڵێندەرە مەدەنیە کوژراوەکە دەکەم، ئەوانەی ئەوکارەیان کردووە دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، ئێمە پاڵپشتی لە ھەوڵەکانی مستەفا کازمی و مەسرور بارزانی بۆ لێکۆڵینەوە دەکەین".
لای خۆشیەوە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، رایگەیاند، "دوێنێ شاری هەولێر و فڕۆکەخانەکەی کرانە ئامانجی هێرشێکی مووشەکی، بە توندی ئەو جۆرە کارانە سهركۆنه دەکەین کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری هەرێمی کوردستانە" .
راشیگەیاند، "رەحمەت بۆ شەهیدەکان و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارانی مەدەنی و بریندارانی هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەخوازین".
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەتیکردەوە پەیوەندیان بە هێرشەکانی شەوی ڕابردووی هەولێرەوە هەبێت و رایگەیاند، ئیدانەی دەکەن.
سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، "ئاسایش و ئارامی عێراق بۆ ئێمە گرنگە و ئیدانەی ئەو دەنگۆیانە دەکەین کە باس لە تێوەگلانی ئێمە لە هێرشەکان دەکەن".
كاتژمێر 09:30 خولەكی شەوی رابردوو چەند موشەكێک ئاڕاستەی هەولێر كران كە دوو لە موشەكەكان لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر كەوتنەخوارەوە. دواتر وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لەو هێرشەدا بەڵێندەرێك گیانی لەدەستداوە و پێنج بەڵێندەر و سەربازێكیش بریندار بوون.
چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکە و درەنگانی شەوی رابردوو، گروپێك بەناوی "سرایا أولیاء الدم" بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە موشەكییەكە راگەیاند و بانگەشەی ئەوەیکرد کە، ئەو موشەكانەی بەر ناوچە جیاوازەكان كەوتوون موشەكی ئەمریكی بوون، لە كاتێكدا ویستویانە رێگری لە هێرشەكەیان بكەن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆش پەڕەی دژەتیرۆری كوردستان چەند وێنەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، دەزگا ئەمنییەكان ئەو ئۆتۆمبێلەیان دۆزیوەتەوە كە مووشەكەكانی ئاراستەی هەولێر كردبوو.