کوردی  |  English            

ئەنجومەنی وەزیران بە ڤیدیۆ كۆنفرانس لەگەڵ پارێزگارەكان كۆبوویەوە

  2021-02-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ بەرپرسی یەكەمی یەكە ئیداریەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕێی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆبوویەوە، زۆرینەی داواكاری یەكە ئیداریەكان پەسەندكران.

هەڤال ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: ئەمڕۆ سێ شەممە بەسەرپەرشتیی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبونی جێگرەكەی و وەزیرانی دارایی و پلاندانان و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگارەكانی سلێمانی و هەڵەبجەو فەرمانگا پەیوەندیدارەكانی  ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە بوارە كارگێڕیی و دارایی و خزمەتگوزاریی و پڕۆژەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین كۆبوونەوە.

پارێزگاری سلێمانی راشیگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا بە وردیی و بەرپرسانە ڕاپۆرتی هاوبەشی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگا و یەكەكارگێڕییەكان و داواكارییە كارگێڕیی و دارایی و خزمەتگوزاریی و سەرمایەگوزاریی و پەرەپێدانەكانی هەموو یەكە كارگێڕیی و فەرمانگاكان گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە. 

هەڤاڵ ئەبوبەكرد ئەوەشی ئاشكرا كرد "هەموو ئەو پێشنیاز و داواكارییانەی لە ڕاپۆرتە هاوبەشەكاندا گەڵاڵەكرابوون؛ لەلایەن بەڕێزان سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەكانەوە؛ پەسەندكران و بوون بەبڕیار".

ئەوەشی راگەیاندووە: ئەو سێكتەرو بوارانەی لەم ڕاپۆرتانەدا بۆ ساڵی 2021 پەسەندكراون دەتوانن بەشی زۆری داخوازیی و پێداویستییە زۆر پێویستەكانی دامەزراوە دەوڵەتییەكان دابین بكەن.