سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بە هەموو پێكهاتەكانی كوردستانەوە شانازی بە سەردانەكەی پاپا دەكەین و هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگداین.
دوای گەیشتنی پاپا بۆ شاری هەولێر، نێچیرڤان بارزانی سەردانی پاپای بە رووداوێكی مێژوویی مەزن دانا وتیشی: جێگەی ئەوپەڕی شانازی و خۆشحاڵییە، ئێمە بە هەموو پێكهاتەكانی كوردستانەوە شانازی بە سەردانەكەی دەكەین. بڕوای تەواومان بە ئازادی و فرەئایینی هەیە.
بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە، پاپا فرانسیس گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی باڵا پێشوازی لێكرا و ئەمڕۆ تا ئێوارە لە هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و سبەینێ سەردانەكەی لە عێراق كۆتایی پێدێت.
سەرۆكی هەرێم وتیشی: بە هەموو توانامانەوە بەرگری لە پێكهاتەكان و پێكەوە ژیان دەكەین، لە تویتێكیشدا رایگەیاند: شەرەفمەندم لە هەولێر پێشوازی لە پاپا بكەم. پابەندیی هەمیشەییمان بە ئاشتی و ئازادیی ئایینی و برایەتی دووپات دەكەینەوە. سەری ڕێز بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان و ئەوانە دادەنوێنین كە بۆ ئاشتی و ئازادیی تەواوی عێراق گیانیان بەخشی.
پاپا فرانسیس، ناوی تەواوی خۆرخێ ماریۆ بێرگێلیۆ- یە، بەرەگەز ئیتاڵیە، بەڵام لە وڵاتی ئەرجەنتین لە ساڵی 1936 لە دایك بووە، 266هەمین پاپای ڤاتیكانە و حەوت زمان دەزانێت و ماستەری لە كیمیادا هەیە.