بارەگای بارزانی رایگەیاند پاپا بە مەسعود بارزانی وتووە لەسەر داخوازی ئێوە و سەرۆكی حكومەت هاتوومەتە ئێرە و سەردانەكەی ئێوەم بیرنەچووە.
بارەگای بارزانی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە دەڵێت، مەسعود بارزانی لە شاری هەولێر پێشوازی لە پاپای ڤاتیكان و كاتۆلیكەكانی جیهان كرد و لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتدا پاپا فرانسیس "سوپاسی تایبەتی سەرۆك بارزانی كرد بۆ پاراستنی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان لە هەرێمی كوردستان و هێنانە ئارای رەوشی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوانیاندا".
بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی بارەگای بارزانی پاپا لەو دیدارەدا بە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی وتووە "لەسەر داخوازی ئێوە و سەرۆكی حكومەتی هەرێم هاتوومەتە ئێرە و سەردانەكەی ئێوە و سەرۆك وەزیرانم لەبیر نەچووە".
پاپا وتوشیەتی: ئێوە نەك پێشوازی لەمن، پێشوازیشتان لە كریستیانەكانیش كرد، ئێوە لەكاتی هێرشەكانی داعش كریستیانەكانتان پاراست، ئێوە وەك برا پێشوازیشتان لە برا كریستیانەكان كرد.
دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ پاپا فرانسیس گەیشتە شاری هەولێر، لە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەرپرسانی هەرێمی كوردستان پێشوازیان لێكرد و لە دیدارێكدا چاوی بە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش كەوت.