پولێكی دروستكراوی حكومەتی هەرێم توركیا نیگەران دەكات

  2021-03-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
یەكێك لەو پولانەی بەبۆنەی هاتنی پاپا فرانسیس لە هەرێمی كوردستان دروستكرا میدیای توركیای نیگەران كردووە بەهۆی ئەوەی نەخشەی كوردستانی گەورە بووە.

دوای ئەوەی پاپا فرانسیس، مەرجەعی باڵای مەسیحیە كاسۆلیكەكانی جیهان گەیشتە عێراق و رووی لە شاری هەولێركرد، لە هەرێمدا شەش جۆر پولی پۆستە دروستكران كە راڤەی سەردانەكەی پاپایان دەكرد بۆ هەرێمی كوردستان. 

میدیای توركیا بەكارهێنانی نەخشەی كوردستانی گەورە لەسەر یەكێك لە پولەكان بە سكانداڵ ناودەبەن بۆ سەردانەكەی پاپا و دەڵێن "ئابڕوچوونێكی گەورە" بووە بۆ سەردانەكەی. 

پێگەی سی ئێن ئێٍن تورك رایگەیاندووە، لەسەر یەكێك لەو پولانە نەخشەی بەشێك لە پارێزگاكانی "ڕۆژهەڵاتی توركیا خراوەتە ناو خاكی هەرێمی كوردی عێراق" ئەوەش لە كاتی سەردانەكەی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان ئاشكرا بووە. 

سەردانەكەی پاپا بۆ عێراق رۆژی هەینی دەستیپێكرد، لە رۆژی شەممەدا چاوی كەوت بە عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق، بۆ رۆژی دواتریش گەیشتە هەرێمی كوردستان، دوای سەردانی چەند ناوەندێكی پیرۆزی ئاینی لە ناوچەكە گەڕایەوە بەغدا. 

ڕۆژی دووشەممە سەردانەكەی پاپا بۆ عێراق كۆتایی هات و گەڕایەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی، لەو بارەیەوە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، سەردانەكەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق "هێمای هیوا بوو بۆ هەموو جیهان". 

 بایدن لە بەیاننامەیەكی نوسراودا سەبارەت بە سەردانی پاپا بۆ عێراق ڕایگەیاند یەكەم سەردانی پاپا بۆ عێراق "مێژوویی" بوو، ستایشی ئەو سەردانە دەكات. 

وێنەی ئەو پولەی تورکیای نیگەران کردووە


ڕیکلام