پەیامی ڕۆژی جیهانیی شانۆ بۆ ساڵی ٢٠٢١ لە لایەن هەڵەن میرەن، بەریتانیا

  2021-03-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەکتەری شانۆ و سینەما و تەلەڤزیۆن

وەرگێرانی: ڕزگار حەمە ڕەشید

ئەمە کاتێکی زۆر سەخت بوو بۆ نمایشی زیندوو. زۆر هونەرمەند و تەکنیشن و ئەو ژن و پیاوانەی کاری دەستیی دەکەن، لە پیشەیەکدا خەباتیان دەکرد کە خۆی لێوانلێوە لە مەترسیی .

 ڕەنگە ئەو مەترسییە هەمیشەییە یارمەتی دابن تا بە زیرەکی و ئازایەتییەوە لەم پەتایە ڕزگاریان بێت .

لەم هەلومەرجە نوێیانەدا، توانییان ئەندێشەکانی خۆیان سەبارەت بە پەیوەندیکردن بگۆڕنە سەر چەندین شێوازی داهێنەرانە و چێژبەخش و کاریگەر. بۆ ئەنجامدانی بەشێکی گەورەی ئەمەش، دەبێت سوپاسی ئینتەرنێت بکەین .

مرۆڤەکان، لەوەتەی لەسەر ئەم هەسارەیەن هەمیشە چیرۆکیان بۆ یەکتر گێڕاوەتەوە، تا لەسەر ئەم هەسارەیەش بمێنین کەلتووری جوانی شانۆ هەر بەردەوام دەبێت .

ئارەزووی داهێنەرانەی نوسەران و دیزاینەر و سەماکار و گۆرانیبێژ و ئەکتەر و موزیکژەن و دەرهێنەرەکان هەرگیز خەفە ناکرێت. لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا ئەو ئارەزووە بە وزەیەکی نوێ و تێگەیشتنێکی نوێی هەموومانەوە بۆ جیهان، جارێکیتر دەگەشێتەوە .

زۆر بەتاسەوەم !

------------------

بایۆگرافی هەڵەن میرەن، بەریتانیا

 ئەکتەری شانۆ و سینەما و تەلەڤزیۆن

هەڵەن میرەن یەکێکە لە ناسراوترین و ڕێزلێنراوترین ئەکتەرەکان لە جیهاندا، بەهۆی نمایشە بەهێز و فرە چەشنەکانییەوە لە بواری شانۆ و سینەما و تەلەڤزیۆندا چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی ئۆسکاری ٢٠٠٧ بۆ نواندنی لە فیلمی "شاژن" دا

شانۆ

هەڵەن میرەن دەستپێکی کارەکانی لەگەڵ شانۆی نیشتمانیی گەنجان بە بینینی ڕۆڵی کلیۆپاترا دەستپێکرد. دواتر لە مانچستەر وەك ئەکتەر دەرکەوت و لەوێشەوە چووە ناو کۆمپنیای شاهانەی شکسپیرەوە. پاش چوار ساڵی بەرچاو کارکردن بۆ ئەو کۆمپانیایە، بەتەواوی ئاراستەی هونەریی خۆیی لەو کاتەوە گۆڕی کە دەستی بە کارکردن کرد لە کۆمپانیاکەی دەرهێنەری بەناوبانگ پیتەر برووك "سەنتەری توێژینەوەی شانۆیی" وە لەگەڵیاندا گەشتی بۆ ئەفریقا و ئەمریکا کرد .

لەوکاتەوە ئیتر لە چەندین بەرهەمی شانۆییدا بەشداریی کرد، وێست ئێند، فرینج، کۆمپانیای شاهانەی شکسپیری و شانۆی نیشتمانیی و برۆدوەی لە ئەمریکا، لەو کارانەی بەشداری تێداکردن شانۆیی "مانگێك لە لادێ" کە تیایدا بووە هەڵبژاردەی خەڵاتی تۆنی و شانۆیی "سەمای مەرگ" کە بەرامبەر ئییەن مەکاڵن نواندی دەکرد .

لە بەرهەمەکانی داهاتووتریشی " دابەزینی ئۆرفیۆس بۆ بارگەی دەنمار"،  " ماتەم دەبێتە ئەلێکترا" کە تیایدا هەڵبژێردرا بۆ خەڵاتی ئۆڵیڤەر وەك باشترین خانمە ئەکتەر .

ساڵی ٢٠٠٩ گەڕایەوە بۆ شانۆی نیشتمانیی بۆ وەرگرتنی ڕۆڵی سەرەکی لە شانۆیی "فیدرا"ی نوسەری فەرەنسی جان ڕاسین و دەرهێنانی نیکپڵاس هیتنەر. ئەم کارە توانی مێژوو دروست بکات، چونکە بووە یەکەم بەرهەمی شانۆی نیشتمانیی کە ڕاستەوخۆ وێنەی بگیرێت و لە زۆربەی سینەماکانی جیهاندا پیشان بدرێت .

لە نوێترین نمایشەکانیشی لە شانۆی وێست ئێند لە لەندەن، ساڵی ٢٠١٣ جارێکیتر ڕۆڵی شاژن ئەلیزابێثی دووەمی بینییەوە لە شانۆیی "چاوپێکەوتن" لە نوسینی پیتەر مۆرگن و دەرهێنانی  ستیڤن دالدری .

بەم ڕۆڵە توانی خەڵاتی ئۆڵیڤەر و هەروەها خەڵاتی وەتس ئۆن ستەیج وەك باشترین خانمە ئەکتەر بەدەست بێنێت. لە ٢٠١٥ دا نمایشی "چاوپێکەوتن" گوازرایەوە بۆ نیۆیۆرك و لەسەر شانۆی جێراڵد شينفێڵد نمایش کرایەوە و هەڵەن میرەن هێشتا هەمان ڕۆڵی دەبینی. بەوەش توانی خەڵاتی "تۆنی" بۆ باشترین خانمە ئەکتەر بەدەست بێنێت .

فیلم و تەلەڤزیۆن

جگە لە کارەکانی لە بواری شانۆدا، هەڵەن میرین بە کارە ناوازەکانیشی لە  سینەما و تەلەفزیۆندا زۆر ناسراوە .

ساڵی ٢٠٠٣ هەڵەن میرەن کرایە خانمی شاهەنشانشینی بەریتانیا .

بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ژیانی و کارە شانۆیی و سینەمایی و تەلەڤیزیۆنییەکانی و هەروەها کارە خێرخوازییەکانی دەتوانرێت لە وێبسایتەکەی خۆیەوە بەدەست بهێنرێت:


ڕیکلام