ئەردۆغان داوا لە بایدن دەکات لەگەڵ تورکیا کار بکات بۆ کۆتایهێنان بە قەیرانی سوریا

  2021-03-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆک کۆماری تورکیا داوا لە ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا دەکات لەگەڵ تورکیا کاربکات بۆ کۆتایهێنان بە قەیرانی سوریا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکدا کە لەرۆژنامەی بلۆمبێرگی ئەمریکا و بەبۆنەی 10 ی ساڵەی شەڕی ناوخۆی سوریا بڵاویکردۆتەوە نوسیویەتی دووبارە دروستکردنەوەی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەستراوەتەوە بە پشتیوانی باشی ڕۆژئاوا بۆ تورکیا.

ئەردۆغان دەشڵێت "پێویستە ئیدارەی بایدن بەوەفابێت بەرامبەر بەڵێنەکانی و کارمان لەگەڵ بکات بۆ کۆتیهێنان بە قەیرانی سوریا".

وتیشی کە گەلی تورکیا لەو بڕوایەدان کە سیستەمێکی سیاسی کە توانای نوێنەرایەتی هەموو سورییەکان بکات، پێویستە بۆ گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە.

سەرۆک کۆماری تورکیا ئەوەشی نوسیوە بەشانازیەوە دەڵێم لەسەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریاوە تا ئێستا پێگەی تورکیا نەگۆڕاوە.

ئاماژەی بەوەشکرد باردۆخی سوریا پێوەرە بۆ هەڵسەنگاندنی دڵسۆزی وڵاتان، بەتایبەت کە ئێستا بابەتی بەرگری لە مافی مرۆڤ و ئازادییەکان و دیموکراسی زۆر باس دەکرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ 15 ی ئازار 10 ساڵ بەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی سوریا لە ساڵی 2011 تێدەپەڕێت کەدواتر گۆڕا بۆ شەڕی ناوخۆی وهەتا ئێستاش قەیرانەکە بەردەوامە.



ڕیکلام