ئێران.. لە ئەنجامی تەقینەوەیەک چوار کەس کوژران و برینداربوون

  2021-03-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران، کەسێک کوژرا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر 9:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ بەکاتی ئەو وڵاتە تەقینەوەیک لەناو بازاڕی شاری سەراوان-ی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان روویداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی تەقینەوەکە کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوون کە سەرجەمیان هاوڵاتی مەدەنین.

سوپای پاسدارانی ئێران راشیگەیاندووە، "تەقینەوەکە لەلایەن گروپێکی تیرۆریستی سەربە ئەمریکا ئەنجامدراوە".

لە ناوچەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان کە هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی پاکستان، جار بەجار شەڕ و پێکدادان لە نێوان گروپە چەکدارەکانی دژبەری ئێران، لەوانەش گروپی "جیش العدل" و هێزە ئەمنییەکانی ئێران روودەدات و کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە.

لە چەند هەفتەی رابردووشدا بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە کاسبکاران و کۆڵبەرانی شاری سنوریی سەراوان، زیاتر لە 10 کەس کوژران، بەوهۆیەشەوە خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لە شارەکە ئەنجامدرا کە دواتر بە ئاڵۆزی و کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک خۆپیشاندەر کۆتاییهات.



ڕیکلام