ئەحمەدی نەژاد: کێشە نییە لە بەشداری پێکردنی سعودیە لە گفتوگۆی ئەتۆمی وڵاتەکەی

  2021-03-22  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆکی پێشووی ئێران ڕایگەیاند، هیچ کێشەیەکی تێدا نییە سعودیە بەشداری پێ بکرێت لە ڕێکەوتن سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێراندا.

ئەحمەد نەژاد لە دیدارێکدا لەگەڵ روسیا تودەی ڕایگەیاند، پێویستە کێشەکانی ناوچەکە لەڕێگەی دەوڵەتانی خودی ناوچەکەوە چارەسەر بکرێن، چونکە دەستوەردانەکانی دیکە نابنە پشتیوان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە ناوچەکەدا.

سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران جەختیکردووە، هیچ کێشەیەکی تێدا نییە بۆ بەشداری پێکردنی دەوڵەتانی کەنداو لە گفتوگۆی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، ئەم وتەیەی نەژاد تەواو پێچەوانەی ڕای فەرمی ئێرانە، کە دژی دووبارە گفتۆکردنەوەیە لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و بەشداری پێکردنی دەوڵەتانی دیکە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئەحمەدی نەژاد دووپاتیکردەوە، پێویستە کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان تاران و ڕیاز لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن.

باوەڕی خۆش نیشاندا کە کێشەی نێوان هەردوو وڵات هیچ ڕیشەیەکی ڕەستەقینەیان نییە، بەڵام دەستوەردانی بیانی و فرۆشتنی چەک بە وڵاتانی ناوچەکە، بووەتە هۆی بەهێزکردنی ناکۆکییەکان لەگەڵ سعودیەدا.

سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی ڕۆڵی هەیە لە جەنگ و ناکۆکی و داگیرکاری و ململانێ و هەژاریدا، کە باڵیان کێشاوە بەسەر بەشێکی گەورەی جیهاندا.

ئاشکرایشیکرد نامەیەکی ئاراستەی جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە و داوای لێکردووە، چاکسازی ڕاستەقینە بکات لە سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جا سەبارەت بە ئێران بێت یان جیهان.

دەربارەی ناکۆکییە ناخۆییەکانی ئێران، ئەحمەدی نەژاد دژایەتی خۆی ڕاگەیاند بۆ بەردەوامی سەپاندنی مانەوەی زۆرە ملێ بەسەر سەرکردەکانی بزوتنەوەی سەوز هەریەکە لە میر حسین موسەوی و مەهدی کەروبی، کە لە ساڵی ٢٠٠٩وە لەژیر مانەوەی زۆرەملێدان، کە بەهۆی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانی دووبارە کاندیدکردنەوەی نەژاد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە ئێراندا بەرپابوون.

خۆپیشاندانەکان بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس و بریندار بوونی سەدان کەسی دیکە، حکومەت خۆپیشاندەرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کەمینەیەکن و دەیانەوێت ئارامی و ئاسایشی وڵات لەق بکەن.



ڕیکلام