سەدر لەسەر کرانەوەی عێراق بەڕووی وڵاتانی عەرەبیدا هاتەدەنگ

  2021-04-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر لەسەر کرانەوەی عێراق بە ڕووی وڵاتانی عەرەبی و سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ هەریەکە لە ئیمارات و سعودیە هاتە دەنگ.

سەدر لە توێتیکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە "کرانەوەی عێراق بە ڕووی وڵاتانی عەرەبیدا هەنگاوێکە بە راستەی ڕێگای ڕاست، ئەوەش دوای سەردانەکەی کازمی بۆ هەریەکە لە سعودیە و ئیماراتی عەرەبی یەکگرتووی دۆست".

سەرۆکی رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا مێژوویەکی دێرینی هەیە، با لەگەڵیاندا داهاتوویەکی گەشەسەند و پرشنگداریان دەستکەوێت، چونکە برایەتی و ئاشتی و هاوبەشی سەرەکی پێکەوە دەیانبەستێتەوە لە پێناو بەرژەوەندیی عێراق و ئەو دوو وڵاتەش.

لە کۆتایی وتەکانیدا موقتەدا سەدر ڕایگەیاندووە، با عێراق ببێتە تەوەرەی ئاشتی لە ناوچەکە بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئیمارات گفتوگۆ کراوە دەربارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنێتی بەهێزکردن و هاریکاریکردنی لە زۆرێک لە بوارەکاندا .

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوولا گفتوگۆیان کردووە دەربارەی دۆخی ناوچەکە و گەڕانەوەی عێراق بۆ ئەوەی ڕۆڵی تەوەرەیی خۆی بگێڕێت لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکەدا .

لە لایەکی ترەوە محەمەد بن راشد ال مەکتووم سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی دوبەی لە دوای دیدارەکەی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق وەک وڵاتانی دیکە نییە، بەڵکو سەرەتای دەرکەوتنی شارستانیەتی مرۆڤایەتییە .

ئال مەکتووم لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە "ئەمڕۆ پێشوازیم کرد لە برام مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی دۆست، پێکەوە گفتوگۆمان کرد دەربارەی بنیتانانی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان هەردوو وڵاتدا".

لە بەرامبەریشدا وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، محەمەد بن زاید ستایشی هەنگاوەکان ی حکومەتی عێراقی کرد لە گەشەپێدانی ئابوری و باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان .

هەروەها ستایشی ڕۆڵی عێراقی کردووە لە بەهێزکردنی  ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە و ئەو ڕێچکەیەی کە گرتوویەتییە بەر ، کە خۆی دەبینێتەوە لە سیاسەتی ئاسایکردنەوە و گفتوگۆ.



ڕیکلام