ئەردۆغان: نامەکەی ئەفسەرانی خانەنشین بۆنی کودەتای لێ دێت

  2021-04-05  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، ئەو نامەیەی کە زیاتر لە ١٠٠ ئەفسەری خانەنشین بە پلەی ژەنەڕاڵ لە هێزی دەریایی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، بۆنی ئەوەی لێ دێت تێوەگلابن لە هەوڵێک بۆ کودەتا کردن.

ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، کە دوابەدوای کۆبوونەوەیەکی حکومەت لەسەر جموجوڵی ١٠٣ ئەفسەری خانەنشین ئەنجامیدا ڕایگەیاند، بەیاننامەکە جێگای قبوڵ نییە و پێشی ناوترێت ئازادی ڕادەربڕین، کە چەندین دەربڕینی تێدایە بۆ ئیدارەی هەڵبژێردراو.

سەرۆک کۆماری تورکیا جەختیکردەوە، ئەرکی ئەفسەری خانەنشین نییە بەیاننامە بە نەفەسەی کودەتاوە بڵاوبکاتەوە، دیارە پەیامەکە نێیەتی خراپی لە پشتەوەیە.

لەبەشێکی تری وتەکانیدا ئەردۆغان جەختیکردووەتەوە، ئەو بەیاننامەیەی ئەفسەرانی خانەنشینی هێزی دەریایی سوکایەتییەکی گەورەیە بە هێزە چەکدارەکان و هەموو ئەوە هێرشانەی کە دەکرێتە سەر دیموکراسیەت لە تورکیا، دوای دەرکردنی ئەو بەیاننامانە بووە.

سەرۆک کۆماری تورکیا ئاشکرایکرد، ئەو کاتەی ڕێکخراوی گویلەن ویستی کودەتا بکات، هیچ کام لەم ئەفسەرانە لە پاڵ گەلدا نەوەستانەوە، بۆیە هەموو رێوشوێنێکی پێویستیان لە بەرامبەر دەگیرێتە بەر لەسەر ئەو بەیاننامەیەی کە دەریانکردووە.

ئەردۆغان جەختیشیکردەوە حکومەت نیازی نییە لەم کاتەدا پاشەکشە بکات لە پلانەکەی سەبارەت بە ڕێککەوتنی مۆنترۆی تایبەت بە ئیدارەدانی جموجوڵی کەشتیەکانی لە هەردوو گەرووی بۆسفۆڕ و دەردەنیل.

لە کۆتایی وتەکانیدا ئەردۆغان وتی "نەیارانی پرۆژەی کەنالی ئیستەنبوڵ کە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی سەروەیی نیشتیمانی تورکیا، گەورەترین دووژمنی ئەتاتورک و کۆماری تورکیان.

لە لایەکی ترەوە مەولد چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پەیامەی ئەو ئەفسەرانە شێوازێکی ئامادەکارییە بۆ کودەتا.

لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی خەبەر تورک چاوش ئۆغلۆ ڕایگەیاند، ئەو بەیاننامەیەی کە ١٠٣ ئەفسەری خانەنشین بڵاویانکردووەتەوە لە نیوە شەوی ڕابردوودا و تیایدا ڕایانگەیاندووە "کەناڵی ئاوی ئیستەنبوڵ کە تورکیا بە نیازە بیکاتەوە، کاریگەریی نابێت لەسەر ڕێککەوتنی مۆنترۆی تایبەت بە جموجوڵی کەشتیوانی لە نۆکەندەکانی تورکیا".

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی لە پشت ئەو بەیاننامەیەوەن، ڕێککەوتنی منترۆیان بەلاوە گرنگ نییە، بەڵکو خودی ئەردۆغان و حکومەت و هاوپەیمانێتی گەلیان بە ئامانج گرتووە.

لە دوای دەرکردنی ئەو بەیاننامەیەی ئەو ئەفسەرە خانەنشیاننەی هێزی دەریایی تورکیاوە، دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە ٩٠ کەسیان دەستگیر کردووە.

پێشتر ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا بڵاویکردەوە، بەهۆی نامەیەکەوە کە ئاراستەی ئەردۆغانیان کردووە، دەیان ئەفسەری باڵای خانەنشینی تورکیا دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

نوسینگەی داواکاری گشتی تورکیا ڕایگەیاند،  دەیان ئەفسەری باڵای خانەشینی دەستگیرکراون بۆ لێکۆڵینەوە ، بەڵام چوارکەسیان بەهۆی گەورەیی تەمەنییانەوە لەماڵەوە دەستبەسەرن بەڵام لە سێ ڕۆژی داهاتوودا بانگهێشتی پۆلیسی ئەنکەرە دەکرێن بۆ لێکۆڵینەوە.

سەرجەم ئەو ئەفسەرانە لە دوای ئاراستەکردنی نامەیەک بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا دەستگیر کراون، کە تیایدا رەخنەیان گرتووە لە پڕۆژەیەکی ئەردۆغان سەبارەت بە بنیاتنانی نۆکەندی ئیستەنبوڵ، کە پێیان وایە هەڕەشەیە بۆ سەر ئازادی جموجوڵی دەریاوانی لە ناوچەکەدا.

هەر ئەمڕۆش دوای دەستگیرکردنی ئەو ئەفسەرە باڵایانەی تورکیا، دەستبەجێ تۆمەتی زیانگەیاندن بە ئاسایشی دەوڵەت و سیستمی دەستوری تورکیایان دراوەتە پاڵ.

ئەوەش لە کاتێکدایە مانگی ڕابردوو تورکیا ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر پرۆژەیەک بۆ گەشەپێدانی پرۆژەکانی گواستنەوە و بارکردنی دەریاوانی لە ئسیتەنبوڵ، وەک نۆکەندی پەناما و سویس، ئەوەش بووەتە بەرپاکردنی ناکۆکیەکی گەورە سەبارەت بە رێککەوتنی "مۆنترۆ" کە لە ساڵی ١٩٣٦ ئیمزا کراوە و تایبەت بە سیاسەتی دەریاوانی لە بەندەرەکانی تورکیا.

بنیاتنانی پڕۆژەکە نزیکەی ١٠ ملیار دۆلاری تێدەچێت، کە بڕیارە بە درێژایی ٤٥ کیلۆمەتر بە ڕۆژئاوانی نۆکەندی بۆسفۆردا تێپەڕ ببێت.

ڕێککەوتنامەی مۆنترۆ لە ساڵی ١٩٣٦ لە کۆشکی منترۆی سویسرا ئیمزا کراوە، کە مافی ئەوە دەدات بە تورکیا دەسەڵاتی هەبێت بەسەر نۆکەندەکانی (بۆسفۆڕ و دەردەنێل ) و بەندەرەکانی تری وڵاتەکەیدا، کە هاتووچۆی کەشتییە سەربازییەکانی لێوە ڕێکدەخرێت، بەڵام ئازادی دەدرێت بە تیپەڕبوونی کەشتییە مەدەنییەکان لە کاتی ئاشتیدا، بە درێژایی مێژوو ڕێککەوتنەکە جێگەی مشتومڕێکی قوڵ بووە، لە دیارترینیان، گەیشتنی هێزە سەربازییەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو بووە بە دەریای سپی ناوەڕاست.



ڕیکلام