چیرۆکی ئەم منداڵە و باوکی

عەلی حەمە ساڵح

پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان
  16/02/2021  |    13294 جار خوێندراوەتەوە

چیرۆکی فرمێسک و ئازار

بەیانی کاتژمێر ١٠ بوو چومە دادگا، لەیەکەم بینینی ئەم کیژەدا چەندین وێنەو پرسیارم لە چاوەکانیدا خوێندەوە، منی دەناسی لە ناخی خۆیدا وای دانابوو من شتێکم پێدەکرێ و باوکە بێتاوانەکەی ئازاددەکەم .

ئەو دڵنیابوو باوکی بێتاوانە، بەیانی زوو لە خەو ھەستابوو تاوەکو کاتژمێر سێی دوانیوەڕۆ چاوەڕێی ئازادبوونی باوکی بوو بەڵام... کە ھاتمە دەرەوە لەگەڵ دایکی بەرەوڕووم ھاتن، دایکی پرسیاری کردو وتم: شەش ساڵ حوکمدرا، بەڵام تەمیز ماوەو بێ ئومێد مەبن، پێش دایکی فرمێسک چاو و ڕوومەتی داگیرکرد، گریانێک لە ناخیدا دەھاتەدەر چیرۆکی بێدادیەکی گەورەی پێبوو .

باوکی ئەو ناوی شڤان سەعیدە، ١٢ ساڵ پێشتر وتارخوێن بوە .

خۆی وھاوڕێکانی تۆمەتبارکرابون بەوە ھەستاون بە کۆکردنەوەی زانیاری قەدەغەکراو و گروپی چەکداری و پێدانی زانیاری بە لایەنی دەرەکی، بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی کوردستان بۆ بەرژەوەندی لایەنی دەرەکی !!

لە کۆی قسەی نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش و ئەو داواکاری گشتیەی کە دەیویست شڤان ھاوڕێکانی توندترین سزا بدرێن، ھیچ بەڵگەیەک نەبوو کە ئەمانە گروپی چەکداریان ھەبێت یان زانیاریان دابێت بەلایەنی دەرەکی..یان پلانێکی کوشتن ھەبێت، تەنانەت چەکدارێکیش دەستگیرنەکراوە چ جای گروپی چەکدار !!

بە قوڕگی پڕ گریان، بە ئاوازێکی پڕ لە بێتاوانی شڤان، دەیگوت: ھەموو کەس لە دھۆک دەزانێت من دژی توندوتیژم من باوەڕم نەک شەڕ قسەی توندیش نیە !!

کەواتە چی لەسەری سەلما .

ماوەیەک لە گروپێکی مێسنجەردا بوە، ئەم گروپە زانیاری و ڕەخنەی لەسەر حکومەت تێدا باسکراوە، شیڤان ھیچ زانیاری و شتێکی لەم گروپە باس نەکردوە، کە قەدەغە کراوبێت و تەنانەت لە گروپەکەش دەرچوە !

تاوانێکی دیکەی ئەوە بوە کەسێک وێنەیەکی بۆ ناردوەو داوای لێکردوە بینێرێت بۆ شیروان.... ئەمیش بەبێ ئەوەی بزانێت کێیە بۆی ناردوە.... دواتر دەرکەوتوە ئەم وێنە ئەفسەرێکی ئاسایشە!! من ناویان ھێنا ئەفسەرەکەم ناسی، ئەم ئەفسەرە سەدان وێنەی ئاشکرای لە فەیسبوک ھەیە!! بۆ ناردنی وێنەیەکی تاوان بێت !!

ئەو بەھیچ شێوەیەک دانی بەوەدا نەنا بەشدار بێت لە ھیچ تاوانێک، ھیچ بەڵگەیەکی سلمێنەر نەبوو تاوانباری بکات... پێنج پەرلەمانتارو چەندین کەسی دیکە شاھیدی ئەمەن !!

لەئەنجامدا دادوەر شەش ساڵ حوکمی دا .

من یەک ئامانجم ھەیە لەم نوسینە، ھاوڕێکانی بەم کیژۆڵە نەڵێن باوکت تاوانبارە بە کاری تیرۆرستی و خیانەت لە نیشتیمان، من نە پلانی تیرۆرم دی و نەخیانەت لە نیشتیمان .


زیاتر