بۆچی نەوت و گازی هەرێمیان بە بارمتە گرتوە؟

  29/01/2023  |    1913 جار خوێندراوەتەوە

هەڵبەت لەوە تێئەگەم کە بەشێکی شۆک بونیان بە بڕیارەکەی دادگا پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە ئەمان جارێکی تر رێککەوتنێکی سیاسییان کردوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانی تر (بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی) کە هەر وەک جاران ئەمان نەوتی خۆیان بفرۆشن و داهاتی خۆیان کۆبکەنەوەو لە بەغداوە مانگانە (نزیکەی دوسەد ملیار دینار)یان بۆ حەواڵە بکرێ. ئیتر وا تێگەیشتون کە مادەم رێککەوتیان لەگەڵ ئەو لایەنانە کردوە ئیتر کاریان تەواوەو دادگاو دامەزراوەکانی تریش لە قازانجیان بڕیار ئەدەن.

 هەڵبەت کێشەیەکی دیکەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەم کاتەدا ئەوەیە کە هەواڵی ئەوە هەیە کە دادگای ناوبژیوانیی پاریسیش بڕیاری داوە لەسەر بە سکاڵایەکی عێراق دژ بە تورکیا سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم و، بڕیارەکە لە قازانجی دەسەڵاتدارانی هەرێم نییە.

دو رۆژ پێش ئێستاش (لە ٢٧- ١- ٢٠٢٣) رێکخراوی (روونبین بۆ شەفافییەت لە پڕۆسەکانی نەوت) راپۆرتێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە (داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٢) لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەداوە کە نەوتی هەندێ لە کێڵگەکانی هەرێم کە کواڵیتیشیان باشە بە تێکڕایی (١٧ بۆ ١٩) دۆلار لە خوار نرخی برێنتەوە فرۆشراوە (١)! بەم پێیەش سەدان ملیۆن دۆلاری نەوتی هەرێم ساڵانە لە ئەنجامی "سەربەخۆ فرۆشتن"ی نەوتی هەرێم بەهەدەر ئەدرێت.

پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە بۆچی دەسەڵاتدارانی هەرێم ئامادە نین رێککەوتنی بنبڕ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ئەنجام بدەن و نەوت لەڕێی سۆمۆوە بفرۆشن و ئەم بە فیڕۆدانەی داهات و سامانی ژێر زەویی هەرێم کۆتایی پێبهێنن کە بە هەزاران ساڵ دروست بوەو موڵکی نەوەکانی ئێستاو داهاتوشە!؟

ئایا بە هۆی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتەوە داهاتیان بۆ خەڵکی کوردستان زیاد کردوە!؟

ئایا بە نەوت و گاز کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بەرهەم ھێناو سوتەمەنیی تەواویان بۆ خەڵک دەستەبەر کردوەو بەنزینیان هەرزان کردوە!؟

ئایا پیشەسازیی پێترۆکیمیاییان پێ سەرپێخستوەو پێداویستیی ناوخۆییان پێ پڕکردۆتەوە!؟

ئایا ژێرخانی ئابورییان گەشەپێداو ئابورییەکی سەربەخۆو بەهێزیان پێ دروستکرد یان هێندەی تر وابەستەیی ئابورییان هێنایە کایەوە!؟
ئایا سەربەخۆیی کوردستانیان بەرهەم هێنا!؟

ئایا هەر بەڕاست نەوت بە سەربەخۆ ئەفرۆشن یان بە مەرج و رێککەوتنی نهێنیی پەنجا ساڵە لەگەڵ تورکیا!؟ بۆچی هەرکات هەر گۆڕانکارییەک لەبواری نەوت و گاز ئەبێ خێرا خۆیان ئەگەیەننە ئەنکەرە و ئەستەنبوڵ (٢)!؟
باشە چ عاقڵێکی ئەم دنیایە قەبوڵیەتی لە ساڵێکدا سەدان ملیۆن دۆلار زیان لە داهاتی گشتی بدرێ هەر لەبەر ئەوەی گوایا نەوت بە سەربەخۆ ئەفرۆشرێت!؟

دەسەڵاتدارانی هەرێم تاکەی بەتەمان هیچ داهاتێکی هەرێم چ نەوتی و چ داهاتی ناوخۆ لەگەڵ عێراق بەش نەکەن و بە کەماڵی ئیسراحەت پارەیان لە بەغداوە بۆ بێت!؟
ئایا هەر دەسەڵاتەکەی پارتی و ئەوەی یەکێتی ئەوە لە یەک قەبوڵ ئەکەن!؟ ئەی مەگەر هەر ماوەیەک لەمەوبەر مەسرور بارزانی بە بەیانێک نەیوت کێشەکە ئەوەیە داهاتی سلێمانی دیار نییە!؟ مەگەر هەر بەهۆی ئەوەوە نییە هەرچی پڕۆژەی سلێمانییە وەستاوەو وا بۆ نمونە سەد مەترییەکەی سلێمانی تەواو ناکرێ لە هەولێر خەریکی ١٥٠یین!؟

ئایا خەتای دادگای باڵای فیدڕاڵییە کە وەک باسمان کرد بە موبارەکەی خۆیان لە ساڵی ٢٠٢١ پێکهاتەوە یان دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیانن کە ئەیانەوێ سیاسەتی نەوتی هەرێم بەم پینەوپەڕۆیە لەپێناوی بەرژەوەندیی خۆیان بەردەوام بێ؟

ئێمە پێش دەستبەکاربونەوەی دادگاکە (لە ١٦- ٣- ٢٠٢١) پێشبینیمان کرد بو کە لەگەڵ دەستبەکاربونەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی یەکێک لەو مەلەفانەی بڕیاری لەسەر ئەدات مەلەفی نەوتی هەرێمە، بۆیە داوامان کرد پێش ئەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم رێککەوتنی هاوسەنگی بنبڕ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بکەن (کورتە ڤیدیۆی قسەکانمان لەوبارەیەوە لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ روداو هاوپێچە). بەڵام ئەوان چەندین دەرفەتی لەباریان بۆ رێککەوتنی هاوسەنگ لەگەڵ بەغدا بە فیڕۆد ا(٣)، تەنانەت دوا دەرفەتیش کە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بو.

 وا ئێستا نەوت و گازی هەرێمیان کردۆتە کارتێکی سوتاو لەبری ئەوەی بیکەنە کارتێکی بەهێز بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی تر لەگەڵ بەغدا وەک کێشەی خاک و کێشەی شەراکەت لە بڕیاری ئیتیحادی و قەرەبوی زیانەکانی رژێمی پێشو و شایستەو مافە دەستورییەکانی تری خەڵکی کوردستان.

راستییەکەی ئەوەیە دەسەڵاتدارانی هەرێم نەوت و گازیان بە بارمتەی خۆیان گرتوە لەپێناوی بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان نا بەڵکو لەپێناوی بەرژەوەندیی خۆیان و بۆ ئەوەی بیکەنە کەرەستەیەک بۆ ئەوەی وەکو میر لە ئاستی دەرەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و دەسەڵاتی خۆیانی پێ بپارێزن.

نەوت و گازی هەرێمیان کردۆتە دەسمایەیەک بۆ پەیوەندی و رێککەوتنی گوماناوی لە ئاستی دەرەوە دیسانەوە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان. هەڵبەت لە مانەوەی دۆخی نەوت و گازی هەرێم بەمشێوەیەی ئێستا سەرەڕای زیانەکان لە داهاتی گشتی، ئەوان خۆیان سودمەندن لە داهاتی بۆری نەوت و کۆمپانیا خزمەتگورییەکانی بواری نەوت و تەنانەت دور نییە خۆیان پشکیان ھەبێ لە کۆمپانیا نەوتییەکان. لێرەوە شینی ئەوان بۆ هەریسەکەیە نەک بۆ حوسەین!

هەر بۆیەش کێشەی سەرەکی خودی دەسەڵاتدارانی هەرێمن کە بونەتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئێستاو داھاتوی ھەرێم و لە لێواری روخان نزیکییان کردۆتەوە. 

با چاوەڕێی هەڵوێستی تورکیاش بین پاش بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی پاریس!


پەراوێزەکان:
1.    بڕوانە لا ١٤ – ١٥ لە دەقی راپۆرتەکە لەم لینکە:
http://www.roonbeen.org/wp-content/uploads/٢٠٢٣/٠١/٢%D٩%A٠٢٢-شایستەیکۆمپانیا-نەوتییەکان.pdf
2.    بڕواننە وتارێکی پێشترمان لەم بارەیەوە بە ناونیشانی (کێ خاوەنی نەوتی هەرێمە؟) لەم لینکە:
https://www.facebook.com/yousif.mohammad.١٤/photos/a.٨٣٤٣٨١٩٩٣٢٧٣٣٥٥/٣٧٩٠١٧٧٢٥٧٦٩٣٧٩٩/?type=٣&mibextid=cr٩u٠٣
3.    بڕوانە هەمان بابەت.
زیاتر